بۆچی تا ئێستا گوندی به‌شیر كۆنتڕۆلنه‌كراوه‌ته‌وه؟
K24 – باشووری كه‌ركووك:
هه‌رچه‌نده هێزێكی زۆری حه‌شدی شه‌عبیی له باشووری كه‌ركووكه و ئاماده‌كاریی ده‌كا بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر له باشووری كه‌ركووك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و گونده له بنده‌ستی داعش ماوه‌ته‌وه.
هه‌فته‌ی رابردووش له گوندی به‌شیره‌وه به چه‌كی كیمیایی شارۆچكه‌ی تازه‌خورماتووی بۆردومانكرد، به‌هۆیه‌وه منداڵێك گیانی له ده‌ستداوه.
په‌یامنێری كوردستان24 ده‌ڵێ: "به‌گوێره‌ی دوایین داتاكانی نه‌خۆشخانه‌ی تازه خورماتوو تا ئێستا ٦٠٠ ھاوڵاتی ناوچەکە بەرکەوتەی گازی خەردەلن و بەشێکیان چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوەو بەشێکیانیش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون".
زەینەب، یەکێکە لە به‌ركه‌وتوانی چەکە کیمیاویکەی داعش، کە ئێستا ماڵەکەی چۆڵکردووەو یەکێک لە منداڵەکانیشی لەنەخۆشخانەیە و بۆ كوردستان24 ده‌ڵێ: "داواده‌كه‌ین حكوومه‌ت بێت و حاڵمان ببینێ مافمان بدات، حاڵمان نه‌ماوه و له ژێر بۆردومانین، خوێندنگاكانیشمان داخراون".
له باره‌ی كۆنتڕۆڵنه‌كردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر، محەممەد شێخ عەلی ئەفسەری لیوای دووی تایبەتی پێشمەرگە بۆ كوردستان24 گوتی: "سه‌ره‌تا هاوپه‌یمانان هاتنه ئه‌و سنووره و داوایان لێكردین ئه‌وان بكشێنه‌وه، ئێمه وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه ده‌مانتوانی گوندی به‌شیریش رزگاركه‌ین".
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پێشمه‌رگه گوتیشی: "به‌ڵام هاوپه‌یمانان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبیی نه‌كشانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه دواوه، هاوكاریان نه‌كردین بۆ بۆردومان و گرتنه‌وه‌ی به‌شیر".
لای خۆیه‌ووه حاجی ئەبوو جەعفەر فه‌رمانده‌ی فەوجی حەشدی شەعبیی بەشیر بۆ كوردستان24 گوتی: "وه‌ك لیوای 16 حه‌شدی شه‌عبیی ئاماده‌یی ته‌واومان تێدایه بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی به‌شیر".
گوتیشی: "بڕیارمانداوه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌م سه‌نگه‌رانه نه‌كشێینه‌وه ئه‌گه‌ر كاره‌ك بگاته هه‌ر شتێك".