ھەولێر...لە گردبوونەوەیەكدا داوای چارەسەركردنی بریندارانی كیمیابارانی ھەڵەبجە دەكرێت

زیاتر لە 400 برینداری چەكی كیمیای لە ھەڵەبجە ھەن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/05c95f66-3fee-4b77-9f07-fe111407b0ca/grdbunewe%20bo%20helebje.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

ژمارەیەك لە رێكخراو و چاكاكوانی كۆمەڵی مەدەنی، لە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی لە بەردەم كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ھەولێر لە یاداشتێكدا داوایان كرد چارەسەری بریندارانی كیمیابارانی ھەڵەبجە بكرێت.

لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی رایگەیاندن عەلی سیاسی، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی كە یەكێك بوو لەو رێكخەرانی ئەو گردبوونەوەیە رایگەیاند: "وەك ساڵانی پێشوو لێرە كۆبوونەتەوە، بەڵام بە داخەوە ھەموو ساڵ دێین ئەو كونسوڵخانەیە وەڵامان نادەنەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بێدەنگی و وەڵامنەداوەی ئەم كونسوڵخانەیە لە كاتێكدا زیاتر لە 400 برینداری بەركەوتووی چەكی كیمیایی لە ھەڵەبجە ھەیە و رۆژانە دەتلێنەوە و لە نێویاندا گیان لە دەستدەدەن، كەچی رۆژانە دەیان ڤیزا دەدەن بە بەرپرس و دەوڵەمەندەكانی ئەم وڵاتە، ھاووڵاتیانیش كە بە چەكی ئەوان بریندار بوونە لایان لێ ناكەنەوە، بۆیە نارەزایەتی خۆمان بەرامبەر ئەو كونسوڵخانە و ھەموو كونسولخانەكانی دیكە دەردەبڕین".

لە 16ی ئاداری ساڵی 1988 حكوومەتی بەعسی عێراق كیمیابارانی ھەڵەبجەی كرد، بەوھۆیەوە پێنج ھەزار ھاووڵاتی شەھیدبوون و بە ھەزارانی دیكەش بریندار و ئاوارە بوون، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە بەھۆی كاریگەری چەكی كیمیایی پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی ھەیە.