شێخ جەعفەر: بە بێ كورد رزگاركردنی مووسڵ وەك پێویست نابێت

"داعش ھەموو جۆرە چەكێكی بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگە بەكار ھێناوە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a0f4d0dd-5e94-428e-853a-7a0a72bde794/shex%20jaafar.ism/manifest

K24 - سلێمانی:

فەرماندەی یەكەی حەفتای ھێزی پێشمەرگە لە بارەی پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ رایگەیاند، بە بێ كورد رزگار كردنی مووسڵ وەك پێویست نابێت.

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەی 70ی ھێزی پێشمەرگە بەشداری لە پانێڵی دیداری زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی كرد و رایگەیاند: "چۆن ئێستا ھەرێمی كوردستان بووە بە پەناگە بۆ دەیان ھەزار ماڵی ئاوارەی مووسڵ كە ئێستا لە ژێر سێبەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندان و پێشمەرگە دەیان پارێزن، بە ھەمان شێوە خۆمان بە بەرپرس دەزانین كە بەشداری كاریگەرمان لە رزگاركردنی مووسڵدا ھەبێت".

گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە بە بێ كورد رزگار كردنی مووسڵ وەك پێویست نابێت، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق و ھێزەكانی ھاوپەیمانان ژوورێكی عەمەلیاتی ھاوبەشمان لە سنووری ھەولێر دروستكردووە، بۆ نەخشەدانان و كۆكردنەوەی زانیاری و خۆئامادەكردنین بۆ بەشداریكردنی كاریگەر لە رزگاركردنی مووسڵ".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "ئێستا ھێزی پێشمەرگە لە ھەرسێ لای رۆژھەڵات و رۆژئاوا و باكوور لە مووسڵ نزیك بوونەتەوە، ئەو ھێرشانەمان بۆ ئەوە بووە كە گەماری داعش بدەین و رێگەی ھاوكاریان لێ بگرین".

شێخ جەعفەر، ئەوەشی خستەڕوو: "داعش ھەموو جۆرە چەكێكی بەرامبەر بە ھێزی پێشمەرگە بەكار ھێناوە، بەڵام خۆڕاگری پێشمەرگە شكستی بە ھەموو ھەوڵەكانی داعش ھێناوە، لە دواین ھەوڵیدا داعش دەستیكرد بە بەكارھێنانی چەكی كیمیایی بەرامبەر بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، دواین جار چەكی كیمیایی لە شارۆچكەی تازە خورماتوو بەكارھێنا كە بووە ھۆی شەھید بوونی سێ كەس و برینداربوونی 27كەسی دیكە".