ههمان رهوشی مهدایای سووریا له فهللوجهی عێراق دووباره بووهتهوه
K24 - ههولێر:
ماوەی دوو ساڵە شارۆچكهی فەللوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، لەلایەن ھێزەكانی حەشدی شەعبییەوە گەمارۆدراوە، بەھۆی خراپی دۆخی شارەكە و نەبوونی خواردن، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو شارە گیانیان لەدەستداوە و خەڵكێكی زۆری دیكهش دووچاری برسیبوون بوونهتهوه.
هاووڵاتیانی ئهو شارۆچكهیه داوای ھەڵگرتنی گەمارۆ و یارمەتی بەپەلە دەكەن، به گوێرهی سهرچاوهكان نزیكەی 10 ھەزار هاووڵاتی سڤیل، له فەللوجەدا ماونەتەوە.
لە ئێستادا فەللوجە لەلایەن ھێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە لە چوارلاوە گەمارۆ دراوە، نە داعش و نە میلیشیا شیعەكانیش رێگە بە دەربازبوونی خەڵكە سڤیل نادەن.
ئەوان رۆژانە بۆردومانی فەللوجە دەكەن و خەڵكەكەی بە ئامانج دەگرن، ھاووڵاتیانی فەلووجەش دەڵێن ئەوان لەبەر خراپی باری داراییەوە نەیانتوانیوە خۆیان لە شارەكەیان دەرباز بكەن.
لە ئێستادا نزیكەی 10 ھەزار كەسی مەدەنی لەناو فەللوجەدا ماونەتەوە، ئەوان جگە لەوەی ڕۆژانە بەھۆی شەڕی نێوان داعش و میلیشیا شیعەكان دەكوژرێن، بكوژێكی دیكەشیان بۆ زیاد بووە كە رۆژانە بە دەیان كەس لە خەڵكی فەللوجە دەكاتە قوربانی.
دەستەكانی فریاگوزاری و چالاكوانانی عێراقی دەڵێن، لەماوەی دوو ساڵی گەمارۆدانی فەللوجە، نزیكەی 4 ھەزار كەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوان دەڵێن گەر بە زووترین كات گەمارۆی سەر ئەو شارە ھەڵنەگیرێت، ژمارەی قوربانیانی برسێتی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، منداڵان كە نە لە دوور و نە لە نزیك بەشداری ئەم شەڕە نەبوون، قوربانییەكی دیكەی ناكۆكی نێوان گەورەكانن ئەوانیش داوای ئەوە دەكەن وەك منداڵانی دیكە لە ژینگەیەكی تەندرووستدا بژین.
ئەم دۆخەی فەلووجە لەكاتێكدایە كە حكوومەت و پەرلەمانی عێراقی سەرقاڵی پێكھێنانی حكوومەتی تەكنۆكراتە و تەنھا چەند مانگێكی كەمیش بەسەر نەمانی گەمارۆی سەر شارۆچكەی مەدایای سوریا تێپەڕیوە، بەڵام پێدەچێت بانگەوازەكانی خەڵكی فەللوجە بێسوودبێت و پێچەوانەی ئەو پەندە كوردییەی كە دەڵێت: "كەس لە برسان نامرێت"، بهڵام پێدەچێت خەڵكانێك لە سەدەی 21دا له برسان گیان لەدەست بدەن.