ئەسەد فیدڕاڵیەت یەکگرتوویی سووریا ناپارێزێت

ئەسەد رایگەیاندووە لە ھەموو سوورییەک بپرسە، ئەوان ئەو بۆوچوونەیان ھەیە کە فیدڕاڵیەت یەکگرتوویی سووریا ناپارێزێت.

K24 – ھەولێر:

بەرپرسێکی باڵای رووسیا لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد، ئاشکرای دەکات کە وا ئەسەد دژی سیستەمی فیدڕاڵیەتە لە سووریا.

بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیک، ئەلێکساندەر یۆژینکۆ بەرپرسی باڵای رووسیا، لە دیمەشق لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆبوویەوە و باسیان لە رێگەچارەیەک کردووە بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی پێنچ ساڵەی سووریا.

ئەلێكساندەر یۆژینکۆ، لەدوای کۆبوونەوەکە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە باسی سیستەمی فیدڕاڵی لە سووریا لەگەڵ ئەسەد کردووە و ئەو دژایەتی خۆی بۆ ئەو سیستەمە راگەیاندووە.

ئەو بەرپرسەی باڵای رووسیا رایگەیاند، کە ئەسەد رایگەیاندووە لە ھەموو سوورییەک بپرسە، ئەوان ئەو بۆوچوونەیان ھەیە کە فیدڕاڵیەت یەکگرتوویی سووریا ناپارێزێت.

بڕیارە سبەی 13ی نیسانی، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا بەڕێوەبچێت و لەھەمان کاتیشدا، لە جنێڤ گەڕێکی نوێی دانووستانەکانی سووریا دەست پێ بکاتەوە، لە نێوان ئۆپۆزسیۆنی سووریا و حكوومەتی ئەو وڵاتە بۆ گفتوگۆ كردن لە سەر داھاتووی سووریا بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لادانی ئەسەد دەكات لە دەسەڵات و راگواستنی دەسەڵات.