عەبادیی داوای دەستگیرکردنی هێرشکەران دەکات بۆ سەر پەرلەمان

"دوێنێ هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق"

K24-هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیی ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی کرد ئەو کەسانە دەستگیر بکات کە دوێنێ هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

نووسینگەی رۆژنامەوانیی حەیدەر عەبادیی لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ لە زاری سەرۆک وەزیرانەوە رایگەیاند: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دکتۆر حەیدەر عەبادیی فەرمانی بە وەزیری ناوخۆی عێراق کرد ئەو کەسانە دەستگیر بکات کە دوێنێ هێرشیان کردە سەر "هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سامانی گشتییان تێکدا" بۆ ئەوەی رەوانەی دادگا بکرێن و بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ شەممە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.

هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.

پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکدا متمانەی بەخشییە بەشێکی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو حکوومەتە نوێیەکەی عەبادیی، بەڵام رووداوەکانی دوێنێ رێگربوون لە پێش پێدانی متمانە بە تەواوی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

ئا: ئا ، ف