شێخ جەعفەر: خۆزگە حەشدی شەعبی دەیتوانی بەشیر رزگار بكات

"ھاوپەیمانان گوتیان دەبێ بەسەرپەرشتی پێشمەرگە بێت"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

فەرماندەی یەكەكانی ھێزی 70ی ھێزی پێشمەرگە رایگەیاند، خۆزگە حەشدی شەعبی دەیتوانی بەشیر رزگار بكات و خوێن لە پەنجەیەكی پێشمەرگەكان نەدەھات، بەڵام دوو ساڵە خەڵكی داوای رزگاركردنی بەشیریان دەكرد، جگە لە پێشمەرگە كەس نەیتوانی رزگاری بكات.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەكەكانی 70ی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی دانرابوو نەك ھەر بەشیر تەواوی گوندەكانی دەوروبەریشی ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، بۆ ئەوەی زیاتر ئەمنیەتی ناوچەكە پارێزراوبێت پێشمەرگە دەستی بە گەڕان و پشكنین كردووە، نەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و یان بۆمب داندرابنەوە".

گوتیشی: "رزگاركردنی گوندی بەشیر بەم ماوە كەمە لە لایەن ھێزی پێشمەرگە بەلای خەڵكی ناوچەكە جێگای سەرسوڕمانە، گوندێكی وا كە زیاتر لە ھەزار و حەوسەد ماڵ دەبێت، ئەم گوندە گرنگی خۆی ھەیە بۆ داعش، ھەڕەشە بوو لەسەر رێگای كەركووك – بەغدا، ھەروەھا لەسەر كەكووك و تازە خورماتوو، لە رووێكی دیكەوە خەتێكی گرنگ بوو بۆ ریاز و حەویجە و رەشاد، لەبەر ئەوە داعش ھێزێكی زۆری ھێنابووە ئێرە".

باسی لەوەشكرد: "لە دوێنێوە تا ئێستا 35 ئۆتۆمبێلی داعش بە بۆردومانی فڕۆكە یان پێشمەرگە تەقاندویەتیەوە، بۆیە رزگاركردنی بەشیر ئاسان نەبووم، بەڵام ئەو بەرنامەی ھێزی پێشمەرگە داینابوو بەرنامەیەكی تۆكمە بوو، پێشبینیمان كردبوو لانیكەم بە سێ رۆژ ئۆپەراسیۆنەكە تەواو بێت، بەڵام ورە و باوەڕبوونی پێشمەرگە وایكرد لە ماوەی 24 كاتژمێر تەواوی بەشیر رزگار بكرێت".

شێخ جەعفەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "خۆزگە حەشدی شەعبی دەیتوانی بەشیر رزگار بكات، بۆ ئەوەی خوێن لە پەنجەی پێشمەرگەیەك نەھاتبوایە، بەڵام دووساڵە ئەو خەڵكە ئاوارە و نەگبەتە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەن رزگار بكرێت، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق ھەیە رێككەوتبووین كە دوو فەوجی دژە تیرۆری عێراق بەشداربن كە كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە ھات گوتیان ئێمە پێمان ناكرێت، ھاوپەیمانان گوتیان سوپای عێراق بەشدار بكات ئێمە بەشدار نابین، ئێمە پێمانوابوو شتێكی سیاسییە گوتمان ھەر ھێزێكی دیكە دێنن جگە لە سوپای عێراق قبوڵمانە رەزامەندیان لەسەر نەكرد، دەبوایە 22ی مانگی رابردوو ئۆپەراسیۆنەكەمان ئەنجامدابووایە، بەڵام عێراقییەكان بەمە دوایان خستین، كە ھیچیان نەما گوتیان خۆتان ئەنجامی بدەن".

راشیگەیاند: "كە دەستمان بە ئۆپەراسیۆن كرد سوپای عێراق گوتیان دوو فەوج دەنێرین، ئاگاداری ھێزەكانی ھاوپەیمانانمان كردەوە، گوتیان دەبێ بە سەرپەرشتی ھێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنەكە بكرێت گەر سوپای عێراق بەشداربێت ئێمە بەشدار نابین، ئێمە قبوڵمان كرد بێن كەچی پڕۆسەكەش تەواو بوو ئێستاشی لەگەڵدابێت نەھاتن".