گەڕی پێنجەمی دانوستاندنی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری سووریا دەستپێدەکات

لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ترسی ئەوە هەیە: رژێمی سووریا ئەو ناکۆکییانەی نێو دەستەی دانوستاندنکار بە هەل بقۆزێتەوە
وێنەیەکی ئەرشیڤیی گەڕێکی دانوستاندنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ نووسینەوەی دەستوور، وێنە: AA
وێنەیەکی ئەرشیڤیی گەڕێکی دانوستاندنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ نووسینەوەی دەستوور، وێنە: AA

K24 - هەولێر

گەڕی پێنجەمی گفتوگۆکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا ئەمڕۆ لە جنێڤ لەنێوان حکومەتی سووریا و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەستپێدەکات.

گیر پیدرسۆن، نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا پشتیوانی خۆی بۆ ئەم گفتوگۆ و دانووستاندنەی نووسینەوەی دەستوور راگەیاند، لەکاتێکدا پێشتر رەخنەی لە گفتوگۆ سیاسییەکان دەگرت، کە "نەبوونە هۆی هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینەی سیاسی لە سووریا و دیدێکیان نەبووە بۆ داهاتوو".

بەڵام سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە ھەموو لایەنەكان لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا بەشدار بن و رێككەوتنی سیاسی بكەن و كارئاسانی بۆ لیژنەکە. پیدرسۆن جەختیشی كردەوە، نزیكەی 10 مانگە رەوشی سووریا ئارام بووە و ئاڵۆزییەكان كەم بوونەتەوە.

ئەو گەڕەی گفتوگۆکان لەکاتێکدایە؛ لەم چەند رۆژەی دواییدا ناکۆکیی قوڵ لەنێوان پێکهاتەکانی "دەستەی دانوستاندن"ـی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا سەریهەڵداوە، کە وەکو مەرجەعی سیاسی بۆ شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە لیژنەی دەستوور سەیردەکرێت، ئەمەش پرسیاری ئەوەی دروستکردووە: ئایا ئەدای شاندی ئۆپۆزیسیۆن و کەشی گفتوگۆکان چۆن دەبن؟

لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ترسی ئەوە هەیە: رژێمی سووریا ئەو ناکۆکییانەی نێو دەستەی دانوستاندنکار بە هەل بقۆزێتەوە.

بەشار ئەلحاج، ئەندامی لیژنەی دەستووری لە شاندی ئۆپۆزیسیۆن، قسەی بۆ ماڵپەڕی عەرەبی21 کردووە و دەڵێ "ناکۆکییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن، ناکۆکیی رێکخراوەییە و پەیوەندییان بە رێڕەوی دانوستاندن نییە، واتا ناکۆکییەکە لەسەر خشتەی دانوستاندن نییە، بەڵکو لەسەر کەسەکانە"، جەختیش دەکاتەوە لەوەی سەرەڕای ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێک، شاندی ئۆپۆزیسیۆن تاڕادەیەکی باش هاوڕان.

لە بەشێکی دیکی گوتەکانیدا، ئەلحاج دەڵێ "بەپێی تێڕوانینی تایبەتی خۆم، رژێم وا خۆی نیشاندەدات لەو گفتوگۆیانە جدییە و بەردەوامە، تاوەکو دەگاتە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سووریا، بەپێی روئیای ئەوان و رووسیا، بۆیە ئەو گەڕەی گفتوگۆکان، دەریدەخات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندە جدییە".

مەسەدە: ئۆپۆزیسیۆن گوێی بە داواكارییەكانمان نەداوە

ریاد دەرار، ھاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە) دەڵێ ھاوپەیمانی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تەواوی بانگھێشتنامەكانی ئەوانی بۆ دەستپێكردنی كارێكی ھاوبەش دەربارەی دەستوری سووریا پشتگوێ خستووە، دەشڵێت، زۆرجار داوایان لە ئۆپۆزیسیۆن كردووە لە كۆنگرەكانیان ئامادە بن، بەڵام گوێیان پێ نەدراوە.

دەرار ئاماژە بەوەش دەكات، كۆمیتەی دەستووری ئێستا ئەنجامی ئاستانایە، بۆیە سەركەوتوو نابێت و كاری ئەو كۆمیتەیە كات بە حكومەتی سووریا دەدات بەرەو ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بچێت و، تەمەنی حكومەت درێژ دەكاتەوە.

هـ.ر.