له‌ خورماتوو به‌ ره‌زامه‌ندى چه‌ند به‌رپرسێكى كورد حه‌شد ئاڵاى كوردستانى داگرتووه‌

چەند رۆژێکە ئاڵای کوردستان لەسەر سایلۆی خورماتوو داگیراوە و ھاووڵاتیانیش نیگەرانن و بەرپرسانی کوردیش ئامادەن ئاڵاکە دابگرن، بەڵام مەرجیان داگرتنی ئاڵاکانی حەشدی شەعبیشە لەسەر باڵەخانه‌كانی شارۆچکەکە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/10746795-f380-4489-9e41-8f304f9ece8d/DagrtniAlayKurdistanLeXurmato.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

چەند رۆژێکە ئاڵای کوردستان لەسەر سایلۆی خورماتوو داگیراوە و ھاووڵاتیانیش نیگەرانن و بەرپرسانی کوردیش ئامادەن ئاڵاکە دابگرن، بەڵام مەرجیان داگرتنی ئاڵاکانی حەشدی شەعبیشە لەسەر باڵەخانه‌كانی شارۆچکەکە.

بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن: ئێمە بە گوێره‌ی رێکكەوتنێک لەگەڵ بەرپرسانی کورد ئاڵاکەی کوردستانمان لەسەر سایلۆی خورماتوو داگرتووە و ھێزێکی ھاوبەشمان پێکھێناوە بۆ داگرتنی ئاڵاکان و نەھێشتنی زیادەڕه‌وی و بەدواداچوونی خاڵەکانی رێکەوتنەکە.

ئێستا لەپەنای پێشمەرگەدا لەم سایلۆیە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیش بوونیان ھەیە، کە وەک ھێزێکی ھاوبەش ھێنراونەتە ناو سایلۆکەی خورماتوو جێگیرکراون، کە لە پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتنی سلێمانی و حەشدی شەعبی پێکھاتوون، ھەرچەندە ئەو ھێزانە تەبان پێکەوە و ھەوڵەکانیان بەئاڕاستەی ھێورکردنەوەی دۆخەکەیە، بەڵام یەکەم کار کە ئەنجامیاندا داگرتنی ئاڵای کوردستان بوو لەسەر سایلۆکە.

داگرتنی ئاڵای کوردستان، لەسەر سایلۆی خورماتوو دەیان پرسیاری لای ھاونیشتیمانیانی ئەو شارۆچکەیە دروست کردووە بەجۆرێک پێیان وابوو کە داگرتنی ئاڵاکە لەچوارچێوەی رێکكەوتنێکی نێوان بەرپرسانی کورد و حەشدی شەعبیدا داگیراوە. بەڵام یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە لایەنێکی سەرەکی دانیشتنەکان بوون، رەتیدەکەنەوە کە رەزامەندیان نیشاندابێت بەداگرتنی ئاڵای کوردستان، بەڵام ئامادەیشن ئاڵاکە دابگرن، بەمەرجێک لایەنی بەرانبەریش ھەمان کار ئەنجام بدات.

سەرباری ئەوەی کە کورد ڕەتی دەکاتەوە بەپێ ڕێکەوتنێک ئاڵاکەی کوردستانیان داگرتبێت، بەڵام کەسی یەکەمی حەشدی شەعبی لەسنورەکە باس لەوە دەکات کە داگرتنی ئاڵاکە، به‌ پێی رێكکەوتنێک بووە لەگەڵ بەرپرسانی کورد.

ھاووڵاتیانی خورماتوویش دەپرسن ئاڵای کوردستان کە ھێمای نەتەوەیەکی ستەم لێکراوە چ زیانێکی گەیاندووە بەحەشدی شەعبی، بەڵام ھەندێ لەبەرپرسانی کورد وای بۆ دەچن؛ کە حەشدی شەعبی مەبەستی تەنھا داگرتنی ئاڵاکە نیە بەڵکو مەبەستیان دابڕانی خورماتووە لە خاکی کوردستان.