فۆتۆگرافەرێكی كورد دەبێتە ئەندامی ژوری پێشبڕكێیەكی فۆتۆگرافی نێودەوڵەتی لە ئەمه‌ریكا

ئێستا محه‌مه‌د مه‌عسوم سوه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ به‌ناوبانگترین فۆتۆگرافه‌رانی جیهان ده‌كات
محەمەد مەعسوم سوەر، فۆتۆگرافەری ناسراوی توركیا و باكووری كوردستان
محەمەد مەعسوم سوەر، فۆتۆگرافەری ناسراوی توركیا و باكووری كوردستان

K24- هه‌ولێر:

محەمەد مەعسوم سوەر، فۆتۆگرافەری ناسراوی توركیا و باكووری كوردستان، لە پێشبڕكێیەكی فۆتۆگرافی نێودەوڵەتی بە ناوی  Empire State" " لە ئەمه‌ریكا، وەك ئەندامی ژوری پێشبڕكێی ئیمپایه‌ر سته‌یت ھەڵبژێردرا. ئەو فۆتۆگرافەرە كوردە ساڵی رابردوو بەشداری لە 5 پێشبڕكێی نێودەوڵەتیدا كردووە و بە كوردستان24ـی راگەیاند، "ھەڵبژاردنی وەك ئەندامی ژووری پێشبڕكێی ئیمپایەر ستەیت، دڵخۆشی كردووە و شانازی دەكات، كە وەك فۆرۆگرافەرێكی كورد، ھەڵسەنگاندن بۆ فۆتۆگرافەرانی بەشدار لەو پێشبڕكێیە دەكات".

ئەم پێشبڕكێی نێودەوڵەتییە لە شاری نیویۆركی ئەمه‌ریكا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن ھەریەك لە دامەزراوەكانی "Art Bureau و  NYC Exhibition" رێكخراوە. ساڵی رابردوو محەمەد مەعوسم سوەر، لە ھەمان پێشبڕكێ بە وێنەیەكی بە ناوی "وەستا گەورەكە" خەڵات كرابوو، بەڵام ئەمساڵ ناوبراو وەك بڕیاردەر لە ھەڵبژاردنی وێنەكان دەستنیشان كراوە. لەگەڵ سوەر، ئەمساڵ ژمارەیەك وێنەگری ناوداری وڵاتانی یۆنان، رۆمانیا، ھیندستان، سریلانكا، بەنگلادیش و سربیا ئەندامن. بەڵام بەھۆی پەتای كۆرۆنا، ئەمساڵ ئەندامانی ژوور بە ئۆنڵاین كۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر وێنەكان و خەڵاتكردنی فۆتۆگرافەرانی بەشدار دەده‌ن، یەكەم كۆبوونەوەشیان بڕیارە له‌ 7ی نیسانی ئەمساڵ سازبكرێت".

محەمەد مەعسوم سوەر، لەلایەن 23 رێكخراوی نێودەوڵەتییه‌وه‌ كراوەتە ئەندامی فەخری و خەڵات كراوە. سوەر دەڵێت: ساڵی رابردوو بەشداری لە 5 پێشبڕكێی نێودەوڵەتیدا كردووە و خەڵات كراوە، بەڵام ھەڵبژاردنی وەك ئەندامی ژوری پێشبڕكێی ئیمپایەر ستەیت، لە ھەمووی زیاتر دڵیخۆشی كردووە. چونكە ئەو شانبەشانی فۆتۆگرافەرە بەناوبانگەكانی جیھان، ئەمساڵ بڕیار لە ھەڵبژاردن و خەڵاتكردنی وێنەكان دەدات. دەشڵێت: "ئەوە وادەكات زیاتر كار بكەم و ھەوڵەكانم چڕ بكەمەوە، بۆ ئەوەی گرنگی بە لایەنی ئەكادیمی پیشەكەم بدەم و وا بكەم مێژوو و شارستانییەتی كورد زیاتر بە جیھان بناسێنم".

ئەمساڵ سەدان فۆتۆگرافەر بەشدارییان لەو پێشبڕكێیەدا كردووە و كێبركێ لەسەر بەدەستھێنانی خەڵاتەكان دەكەن.

H.B

محەمەد مەعسوم سوەر، ئه‌ندامی ژووری پێشبڕكێی ئیمپایه‌ر سته‌یت له‌ نیۆیۆرك
محەمەد مەعسوم سوەر، ئه‌ندامی ژووری پێشبڕكێی ئیمپایه‌ر سته‌یت له‌ نیۆیۆرك
تیمی ئه‌ندامانی ژووری پێشبڕكێی ئیمپایه‌ر سته‌یت له‌ نیۆیۆرك
تیمی ئه‌ندامانی ژووری پێشبڕكێی ئیمپایه‌ر سته‌یت له‌ نیۆیۆرك