دوایین تووشبووی كۆرۆنا سه‌نته‌ری "ماد" جێده‌ھێڵێت

له‌ كۆیه‌ نزیکەی هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون
سه‌نته‌ری "ماد" له‌ كۆیه‌ تووشبووی كۆرۆنا تێدا نه‌ماوه‌
سه‌نته‌ری "ماد" له‌ كۆیه‌ تووشبووی كۆرۆنا تێدا نه‌ماوه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوایین تووشبووی کۆرۆنا دوای (72) رۆژ مانەوە لەژێر چاودێری پزیشکی، سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکانی لە کۆیە بەجێهێشت، نەخۆشخانەکە دوای (7) مانگ، بۆ یەکەمجار‌ لە توشبووانی کۆرۆنا چۆڵ بووه و ستافی سەنتەری "ماد" دەستیان بە رشاندن و پاککردنەوەی سەنتەرەکە کردووە.

لە سنووری قەزای کۆیه، نزیکەی هەزار توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە (400) نەخۆشیان لە سەنتەری "ماد" چارەسەر کراون، (62) کەسیش بەڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، کە (4) له‌وانه‌ ستافی تەندرووستی بوون.

سەنتەری "ماد" بۆ چارەسەری توشبوانی کۆرۆنا لە کۆیە، دوای (7) مانگ لە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا، نەخۆشخانەکە هیچ توشبوویەکی بە ڤایرۆسەکەی لێنەماوە، نەخۆشخانەکە پاک دەکرێتەوە، دواین نەخۆش، کە تەختی نەخۆشخانەکەی بەجێهێشت، ماوەی (72) رۆژ لەژێر چاودێری و چارەسەرکردن بوو.

ستافی نەخۆشخانەکە، ژوور و قه‌ره‌وێڵه‌ و ئامێرە پزیشکییەکان بە رشاندنی پاککرەوەی دژە ڤایرۆس پاک دەکەنەوە.

رۆژانێک توشبووانی کۆرۆنا لە کۆیە بەجۆرێک بوو، هیچ شوێنێک بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیكه‌ لەم نەخۆشخانەیە نەمابوو، ئێستا لەکۆیە هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا نەماوە، پێویستی بە چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەکە بێت.

پاککردنەوە و رشاندنی نەخۆشخانەکە بە مادەی دژە ڤایرۆس، بۆ جارێکی دیكه‌ ئاماده‌کردنەوەی نەخۆشخانەکەیه بۆ هەر ئەگەرێک، ئەگەر بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی ڤایرۆسەکە رووبدا.

رێوشوێنەکانی خۆپارێزی، هەڵمەتەکانی هۆشیاری بۆ چۆنێتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە، خەڵکانێکی زۆریان لە توشبوون پاراست.

زۆرێک لە تووشبووانیش لە نەخۆشخانەکان چارەسەرکران و چاکبوونەوە، دوای ساڵێکی سەخت لەگەڵ کۆرۆنا، شەپۆڵی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان له کزی داوە، بەڵام کاتی فڕێدانی ماسک و شلکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی ماویەتی، چونکە مەترسییەکان هەر ماون.

د.ی