بایدن و كازمی چەند پرسێك تاووتوێ دەكەن

مستەفا كازمی ناوەڕۆكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆو بایدن ئاشكرا دەكات
جۆو بایدن - مستەفا كازمی
جۆو بایدن - مستەفا كازمی

K24 – ھەولێر

سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، باسی پەیوەندییەكانی واشنتن و بەغدا و شەڕی داعش و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكە دەكەن.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا نووسیویەتی "لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ سەرۆك جۆو بایدن، تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و بەهێزكردنی هەماهەنگی هاوبەشمان كرد، رێككەوتین كار بكەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لەناوچەكە و پێكەوە شەڕی داعش بكەین".

سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشداوە "جەختمان كردەوە لە درێژەپێدانی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات".

لای خۆیه‌وه‌ كۆشكی سپی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بڵاوکردەوە.

کۆشکی سپی دەڵێت؛ بایدن و کازمی باسیان لە هێرشەکانی ئەم دواییە کرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکان.

لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپیدا هاتووە؛ "هەردوولا باسیان لە گرنگی بەرەوپێشبردنی گفتوگۆ ستراتیجییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان کرد".

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بایدن بە کازمی راگەیاندووە؛ لە ماوەی داهاتوودا بۆ ئاگاداربوون لە دۆخەکە پەیوەندی بەردەوامیان دەبێت.