بەشێكی شەقامی 150 مەتری ھەولێر دەكرێتەوە

پڕۆژەكە لە پێنج قۆناغ پێكدێت، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا 10 كیلۆمه‌تر ده‌كرێته‌وه‌
دیمەنێكی شەقامی 150 مەتری ھەولێر
دیمەنێكی شەقامی 150 مەتری ھەولێر

K24 – ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ بەشێكی شەقامی 150 مەتری ھەولێر بكرێتەوە، و كاركردن لە بەشەكانی دیكەی پڕۆژەكەش بەردەوام دەبێت.

نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ بەشی یەكەمی شەقامی 150 مەتری لە ھەولێر دەكرێتەوە. قۆناغی یەكەمی پڕۆژە لە چوارڕیانی شەقڵاوە دەستپێدەكات تا چوارڕیانی بەحركە".

گوتیشی: "تەواوی شەقامی پڕۆژەی 150 مەتری ھەولێر 70 كیلۆمەترە، بەشی یەكەمی كە ئەمڕۆ دەكرێتەوە 10 كیلۆمەترە".

بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی شارەوانی، روونیكردەوە: "بەگشتی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر بەسەر پێنج قۆناغ دابەشكراوە، قۆناغی یەكەم بە دەوری ھەولێردا دەسوڕێتەوە. قۆناغی دووەم لە بەحركە دەستپێدەكات بۆسەر رێگای ھەولێر – دھۆك، ئێستا سەرقاڵی دیزایین كردنی قۆناغی دووەمین، دواتر تەواوبوونی دیزایین قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لە هەولێریەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت و درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە، كۆی پڕۆژەكە بە گوژمەی 700 ملیۆن دۆلار تەواو دەبێ، شەقامەكە بە شێوەیەكی بازنەیی خێرا كە هیچ وەستانێكی تێدا نییە باوەش بە هەولێردا دەكات.

بە دەیان شەقامیش لەگەڵ رێگەی سەرەكیی دەروازەكانی شاری هەولێر بەستراوەتەوە، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو تۆڕە رێگەوبانە جاڵجاڵۆكەییەیە كە بووەتە بەشێك لە ناسنامەی نەخشەی شارەكە.

بە تەواوبوونی شەقامی 150 مەتری، ئەو قەرەباڵغییەی رێگەوبان تا رادەیەكی زۆر چارەسەر دەكات، شۆفێران دەتوانن بە خێرایی 120 كم/كاتژمێر بە شێوەیەكی بازنەیی هەموو هەولێر بسووڕێنەوە.

شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا، درێژەپێدەری شەقامە بازنەییەكانی تری هەولێرە كە بریتین لە 30 مەتری، 60 مەتری، 40 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. هەر ئاڕاستەیەكی شەقامەكە نزیكی 20 مەترە بەرینیی رێی خزمەتگوزارییەكان 15 مەترە، كۆی پڕۆژەكە بەسەر 5 قۆناغ دابەش بووە.

بەشی یەكەم، لە ڕێی شەقڵاوە بۆ رێی بەحركە بە درێژیی 10 كیلۆمەتر ئەمڕۆ دەکرێتەوە. ئەم بەشە پێكهاتووە لە 2 ئینتەرچەینج، 8 ئۆڤەرپاس، 6 ئەندەرپاس، 3 یوتێرن فلای ئۆڤەر، 3 پردی پەڕینەوەی پیادە. بەشی دووەمی ئەم قۆناغە لە رێی بەحركە بۆ گۆپاڵە درێژییەكەی 6 كیلۆمەترە پێكهاتووە لە دوو ئینتەرچەینج، كە یەكێكیان بە رێگای گۆپاڵ – دهۆك و ئەوی تر بە رێگەی ئۆتۆبانی هەولێر- زاخۆ دەبەسترێتەوە.

ئینتەرچەینجەكانی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لەسەر ئاستی هەموو عێراق یەكەمجارە بەو شێوەیە دروست دەكرێن.

بەهۆی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسەكانی لەخۆیان دەگرێ، لە هیچ ئاڕاستەیەكەوە وەستانی تێدا نییە. قۆناغی یەكەم كۆمپانیای هێمن گرووپ دروستی دەكات.

 

ھ.م