تۆكیۆ داوایه‌كی فه‌رمی له په‌كین ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
تۆكیۆ به فه‌رمی داوای له په‌كین كرد، هاووڵاتیانی یابانی كه سه‌ردانی چین ده‌كه‌ن، له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه پشكنینی كۆرۆنایان بۆ نه‌كرێت.
ئه‌و سكاڵایه‌ی تۆكیۆ دوای ئه‌وه هات، كه دیپلۆماتكارانی ئه‌مه‌ریكا له چین، له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه پشكنینی كۆرۆنایان بۆ كراوه، له‌كاتێكدا په‌كین ئه‌مه ره‌تده‌كاته‌وه.
چین تا راده‌یه‌ك توانیو‌یه‌تی به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنا زاڵ بێت، له مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه پشكنینی كۆرۆنا له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه ئه‌نجام ده‌دات، پێیان وایه ئه‌نجامی پشكینینه‌كه باشتر به‌دیار ده‌كه‌وێت، به‌راورد به رێگه‌ی لوت و ده‌م، به‌ڵام تا ئێستا پسپۆڕانی بواره‌كه له‌م شیوازه به گومانن.
پسپۆڕانی بواره‌كه پێیانوایه، پشكنین له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه به‌و شێوه‌یه ورد نییه، ئه‌نجامی "پۆزه‌تیڤ"یش له‌و رێگه‌یه‌وه، مانای ئه‌وه نییه، كه ڤایرۆسه‌كه زیندووه.
به پێی ئاژانسی "فرانس پرێس"، "كاتسونۆبو كاتۆ"، گوتبێژی حكومه‌تی یابانی گوتی: "له رێگه‌ی باڵیۆزه‌وه، تۆكیۆ به فه‌رمی داوای له په‌كین كردووه، كه ئه‌و هاووڵاتییه یابانییانه‌ی بۆ چین دێن، له پشكنینی كۆرۆنا ببه‌خشرێن، كه له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت".
كاتۆ گوتیشی: "باڵیۆزخانه‌كه‌مان داوای كردووه، هاووڵاتیانی یابانی له پشكنین له رێگه‌ی كۆم"ه‌وه ببه‌خشرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له یابانییه‌كان نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه، كه له پشكنینی كۆرۆنا له رێگه‌ی "كۆم"ه‌وه تووشی هه‌راسانكردنی ده‌روونی ده‌بن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "چینییه‌كان وه‌ڵامی ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه، كه ئه‌و شێوازه‌یان گۆڕیوه، بۆ ئه‌م بابه‌ته فشاری زیاتر ده‌كه‌ین".
سه‌رچاوه: سكای نیوز عه‌ره‌بیه
د.ی