ئاماری 10 ساڵەی شەڕی سووریا ئاشكرا دەكرێت

10 ساڵی شەڕی سووریا بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 388 ھەزار كەس
10 ساڵی شەڕی سووریا بووە مایە كوژرانی زیاتر لە 388 كەس
10 ساڵی شەڕی سووریا بووە مایە كوژرانی زیاتر لە 388 كەس

K24 – ھەولێر:

10 ساڵی شەڕی سووریا بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 388 ھەزار كەس، بەپێی روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ كە دواین ئەنجامی لە رۆژی یەكشەممە ئاشكراكراوە رایگەیاندووە بە بۆنەی چوونە نێو ساڵی یازدەمینی شەڕەكەوە.

روانگە لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا لە 15 ئاداری 2011 تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە كوژرانی 388،652 كەسی ھەژمار كردووە.

راشیگەیاند، 117،388 كەس لەكوژراوەكان خەڵكی سڤیل بوونە و لەو ژمارەیەش 22 ھەزاریان منداڵ بوونە. زۆربەشیان لە ئەنجامی ھێرشەكانی رژێمی سووریا و میلیشیاكانی سەر بە ئەو كوژراون.

روانگە لە دوا ئاماریدا، كە لە كۆتایی كانوونی یەكەم بڵاویكردەوە 387 ھەزار كوژرا بوون.

بەڕێوەبەری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، رامی عەبدولرەحمان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس جەختیكردەوە، لە سەرەتای سەرھەڵدانی ململانێ لە سووریا تاكو ئێستا لەساڵی دەیەمدا كەمترین ژمارەی كوژراوان تۆماركراوە.

لە میانی ساڵی رابردوودا، توندی شەڕەكان بە تایبەتی لە ناوچەی ئیدلب و دەوروبەری لە باكووری رۆژئاوای سووریا پاشەكشەیكرد بە جێبەجێكردنی ئاگربەستی نێوان رووسیا و توركیا و لە سایەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

لە ریزی كوژراوانی سڤیل، 16 ھەزار كەس لە ناو گرتوخانە و زیندانەكانی رژێم كوژراون، لەوانەی كە روانگە توانیویەتی تۆماریان بكات.

ئامارەكە، ئەو 88 ھەزار كوژراوە ناگرێتەوە، كە لە ژێر ئەشكەنجەداندا لە زیندانەكانی رژێم كوژراون، بەڵام روانگە نەیتوانیوە یەكە یەكە تۆماریان بكات.

بەپێی روانگە، ھێشتا چارەنووسی بە دەیان ھەزار كەسی بێ سەروشوێن و رفێندراو لە لایەن لایەنەكانی ململانێكار نەزانراوە.

بە ھۆی پشتیوانی سەربازی ھاوپەیمانانی لە ھەر یەك لە ئێران و دواتریش رووسیا، ھێزەكانی حكومەت ئێستا دەستی بەسەر نزیكەی دووسیێەكی رووبەری وڵاتدا گرتووە. ئەمە لە كاتێك دایە، سووریاییەكان بە دەست تەنگژەیەكی ئابووری توند دەناڵێنن لە ئەنجامی وشكبوونی سەرچاوە داراییەكانی دەوڵەت و داڕمانی بەھای پارەی ناوخۆیی لە سایەی سزا ئابوورییەكانی سەپێندراو بەسەر سووریادا لە لایەن رۆژئاواوە.

ناوچەكانی ئیدلب و دەوروبەری باكووری رۆژئاوای وڵات لە ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر ئەلشام (پێشتر نووسرە) و ناوچەكانی دیكەی باكووری رۆژھەڵاتی سووریا لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی كوردی، دیارترین ناوچەی دەرەوەی دەسەڵاتی دیمەشقن.

10 ساڵەی شەڕ بووە مایەی وێرانبوونی ژێرخان و لەبنچوونی ئابووری و ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سووریا لە ناوەوە و لە دەرەوەی وڵات.

سەرچاوە: فرانس پرێس