لە دیاربەكر 44 كەس لەسەر ئاھەنگی نەورۆز دەستگیركران

لێپرسینەوە لە ھاوسەرۆكی ھەدەپە دەكرێت
ئاھەنگی نەورۆز لە دیاربەكر 21/3/2021 - فۆتۆ: AFP
ئاھەنگی نەورۆز لە دیاربەكر 21/3/2021 - فۆتۆ: AFP

K24 – دیاربەكر

بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ ھێزانەی لە توركیا بە "نایاسایی" لە قەڵەم دەدرێن، حكومەتی توركیا 44 كەسی لە دیاربەكر خستنە زیندانەوە.

ماھیر یوكسەل، پەیامنێری كوردستان24 لە دیاربەكر رایگەیاند: "بە تۆمەتی بانگەشەكردن بۆ رێكخراوە نایاساییەكان لە ئاھەنگی نەورۆز، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ 23/3/2021 ھێزە ئەمنییەكانی توركیا لە دیاربەكر ھەڵیان كوتایە سەر 32 ماڵ و 21 كەسیان دەستگیر كرد و بەدوای 11 كەسی دیكەش دا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی دەستگیریان بكەن".

روونیكردەوە: "ساڵانە دوای بەڕێوەچوونی ئاھەنگەكانی نەورۆز لە شارەكانی باكووری وكوردستان و توركیا، ئەو كەسانە دەستگیر دەكرێن كە درووشم یان ئاڵای ھێزە نایاساییەكان بەتایبەتی پەكەكە بەرزدەكەنەوە".

پەیامنێرمان، راشیگەیاند:  "لە رۆژی یەكەمی نەورۆزیش 81 كەس لە دیاربەكر دەستبەسەر كران، دوای لێكۆڵینەوە 69 كەسیان ئازاد كران و 13 كەسی دیكەش تائێستا ئازاد نەكراون، واتا لە یەكەم رۆژی نەورۆزەوە تائێستا لە دیاربەكر 44 كەس خراونەتە زیندانەوە".

باسی لەوەشكرد: "حكومەتی توركیا بڕیاریداوە لێپرسینەوە لە مەتحەد سانجار ھاوسەرۆكی ھەدەپە بكات بە تۆمەتی ئەوەی لە وتاری نەورۆز دژی حكومەت قسەی كردووە لەسەر دەستگیركردنی ھاوسەرۆك و سەركردەكانی پارتەكەی، ھەروەھا چەند گوتەیەكی لە وتاری 2013ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری بەندكراوی پەكەكە خستووەتەڕوو كە ئەوكات ئۆجەلان وتارەكەی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بڵاوكردبووەوە و باسی لە دۆخی توركیا و پرۆسەی ئاشتی كردبوو".

ساڵانە ئاھەنگی گەورەی بۆ جەژنی نەورۆز لە دیاربەكر و شارەكانی دیكەی باكووری كوردستان دەكرێ، بۆ ئەمساڵیش لە دیاربەكر ھەزاران كەس بەشداریان لە ئاھەنگی نەورۆز كرد.