لەسەر ملیارێک دۆلاری ئێران داوای روونکردنەوە لە باید‌ن دەکرێت
K24- هەولێر:
بریان ستایه‌ڵ، جیم بانكس و گرێگۆری ستوبی، 3 ئه‌ندامی كۆنگرێس له‌سه‌ر لیستی كۆمارییه‌كانن کە نوێنه‌رایه‌تی ویلایه‌ته‌كانی ویسكانسێن، ئیندیانا و فلۆریدا ده‌كه‌ن، پێكه‌وه له نامه‌یه‌كدا بۆ ئانتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه، داوایان كردوه ناوبراو روونكردنه‌وه‌یان بداتێ لەبارەی ئەوەی، ئایا ئه‌مەریكا ئاسانكاریی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بڕی یەک ملیار دۆلاری ئێران كه له لای كۆریای باشوور بووه؟
ئه‌و سێ ئه‌ندامه‌ی كۆنگرێس، پشتیان به‌و راپۆرتانه به‌ستوه كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باید‌ن ئاسانكاریی كردووه بۆ ئێران، له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی کەشتییەکی كۆریای باشوور كه له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو، ئه‌و پاره‌یه درابێته ئێران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی واشنتن فری بیكه‌ن، كۆنگرێسمه‌ن برایان ستایه‌ڵ، پێشتر داوای له وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئه‌مەریكا كردووه له‌م باره‌وه روونكردنه‌وه‌ی بده‌نێ، بەڵام وەزارەتەکە وەڵامیان داوه‌ته‌وه بەوەی، ئه‌و بابه‌ته گرێ‌دراو به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یه، هه‌ر بۆیه نامه‌كه بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه نێردراوە.
ماوه‌ی دوو مانگ به‌ر له ئێستا، کەشتییەکی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت به ئاڵای كۆریای باشووره‌وه، له ده‌ریای عه‌مان، له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، پاش رووداوه‌كه ده‌موده‌ست رایگه‌یاند: "ئه‌و كاره‌ی ئێران درێژه‌دانه به سیاسه‌تی باجگیری له جیهان و ناچار كردنی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشاری گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان له‌م مه‌یدانه‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڕه‌شه‌یه له ماف و ئازادی هاتووچۆی پاپۆره‌كان له كه‌نداو. ئێمه هاوده‌نگ له‌گه‌ڵ كۆریای باشوور داوا له ئێران ده‌كه‌ین ئه‌و پاپۆره نەوتهەڵگرە ئازاد بكات."
هه‌روه‌ها ماوه‌ی 3 ساڵ به‌ر له ئێستا، كۆماری ئیسلامی، کەشتییەکی بازرگانی نه‌وتی بەریتانیای راگرت كه ئه‌و كات ناتۆ و بەریتانیا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی تارانیان به چه‌ته‌گه‌ری ناوبرد.
تاران خوازیاره بڕی 7 ملیار دۆلاری ئێران، كه به گوێره‌ی گه‌مارۆكانی ئه‌مەریكا دژی ئێران، له كۆریای باشوور راگیراوه، بدرێته‌وه به ئێران.
مانگی 7ی ساڵی 2015، رێككه‌وتنی وڵاتانی 5+1 له ڤیه‌ننا هاته ئاراوه كه ئێرانی ناچار ده‌كرد ده‌ست له په‌ره‌پێدان به به‌رنامه ناووكییه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت، بەڵام دۆناڵد تره‌مپ له مانگی 5ی ساڵی 2018دا، یه‌ك لایه‌نه له‌م رێككه‌وتنه هاته‌ده‌ر و گه‌مارۆی تووندی ئابووری به‌سه‌ر تاران‌دا سه‌پاند.
ئیدارەی باید‌ن له سه‌ره‌تای ده‌ست به كاربوونیه‌وه رایگه‌یاندووه: "ئه‌گه‌ر ئێران نیازپاكی خۆی نیشان بدات و خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه جێبه‌جێ بكات و ده‌ست له پشتیوانی تیرۆریزم هه‌ڵگرێ، ئه‌مەریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو رێككه‌وتنه‌كە."