لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا و لە ئەمه‌ریکا توندترین سزای بەسەردا سەپێنرا

هه‌موو ورده‌كارییه‌ك له‌باره‌ی كه‌یسی "مه‌ریه‌م" ئاشكرا ده‌كرێت كه‌ زانیاری له‌باره‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ به‌ حزبوڵڵای لوبنانی داوه‌
ئاڵای كوردستان، دروشمی حزبوڵڵا و وێنه‌یه‌كی واتاداری دادگای ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای كوردستان، دروشمی حزبوڵڵا و وێنه‌یه‌كی واتاداری دادگای ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

مەریەم تەها تۆمپسن، تەمەن 63 ساڵ پێشتر لە رۆچێستەر لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمه‌ریکا دانیشتووە، بە گرێبەست وەك وەرگێڕ لەگەڵ سوپای ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاریکردووە، زانیاری هەواڵگری داوەتە حیزبوڵڵای لوبنانی، کە له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ به‌ رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوه‌.

جۆن دیمێرس، یاریدەدەری داواکاری گشتی له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: "مەریەم بە دزە پێکردن و پێدانی زانیاری هەواڵگری بە کەسێك کە زانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی هەیە، گیانی سەرباز و ئەندامانی سوپای ئەمه‌ریکا و ئەوانەشی لە ناوچەکانی شەڕ هاوکاری ئەمه‌ریکایان کردووە، خستووەتە مەترسیەوە. حیزبوڵڵای لوبنان رێکخراوێکی تیرۆریستیە و ئامانج لە وەرگرتنی زانیارییەکان زیانگەیاندن بووە بە ئەمه‌ریکا. مەریەم بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە شەرمهێنەرە و خیانەت لە هاوڕێ و وڵاتەکەشی دەکەوێتە ئەستۆ."

داواکاری گشتی ناوچەی کۆڵۆمبیا (بەوەکالەت) گوتی:"ئەمه‌ریکا باوەڕی تەواوی بە مەریەم هەبووە و زانیاری زۆر گرنگ و پۆڵێنکراوی لەبارەی ئامێر و ناوچەکانی شەڕ پێگەیشتووە. بە خیانەتە بێوێنەکەشی گیانی کچ و کوڕانی ئەمه‌ریکیی لەریزەکانی سوپا و گیانی هاوپەیمانەکانمانی لە ناوچەکانی شەڕ خستووەتە مەترسییەوە. دادگاییکردن و سزادانی مەریەم هۆشدارییەکە بۆ ئەو کەسانەی متمانەیان پێکراوە و زانیارییان دەچێتە بەردەست، خیانەتکردن لێی دەرئەنجامی سەختی دەبێت."

ئالان کۆهڵەر، یاریدەدەری بەڕێوبەری "ئێف بی ئای" لەبارەی کەیسەکەی مەریەمەوە ئاشكرایكرد: "جێگەی سەرسوڕمانە ئەو ئەمه‌ریکیەی لەترسی تیرۆر وڵاتەکەی خۆی بەجێهێشتبێت، کار لەگەڵ تیرۆریستان بکات! زۆر گرنگی بەم کەیسە دەدەین، چونکە تاوانبار زانیاری پۆلێنکراوی لەبارەی هەواڵگری و بەرگرییەوە داوەتە رێکخراوێکی بیانی تیرۆریست، گیانی سەربازەکانمانی خستووەتە مەترسییەوە."

ستیڤ دانتۆنۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری "ئێف بی ئای" لە ئۆفیسی واشنتن ئاماژەی به‌وه‌ كرد: "سزادانی تاوانبار پابەندی ئێف بی ئای دەسەلمێنێت بۆ پاراستنی ئەمه‌ریکا و زانیاری هەواڵگری نیشتمانی. وەرگرتنی ئەستۆپاکی ئەمنی حکومەتی ئەمه‌ریکا بەرپرسیارێتییە و ئەرکی ئێف بی ئایە، زانیارییەکانی پەیوەست بە هەواڵگری نیشتمانی بپارێرێزێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کار بۆ پاراستنی زانیارییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانیەوە دەکەین و بەردەوام بەدوای ئەو کەسانەشدا دەچین، کە خیانەت لە وڵاتەکەیان دەکەن."

لە دادگاییکردنەکەیدا مەریەم تەها تۆمپسن دانی بەوەدا ناوە، سەرەتای ساڵی 2017 پەیوەندی لەگەڵ هاوکارەکەی دەستی بە بەکارهێنانی ئەپی سەلامەت و تایبەت بە ڤیدیۆ چات و نامەی دەنگی و تێکست کردووە. لەگەڵ تێپەربوونی کات مەریەم لەگەڵ هاوکارەکەیدا پەیوەندی رۆمانسیان لەنێوانیاندا دروستکردووە. دواتر مه‌ریەم دەزانێت کە خۆشەویستەکەی خزمێکیان هەیە لە وەزارەتی ناوخۆی لوبنان کاریکردووە. خۆشەویستەکەی مه‌ریم دەڵێت: "لە حەسەن نەسروڵاوە ئه‌نگوستیله‌یه‌كی تایبەتم بۆ هاتووە".

لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 ئەو کاتەی مه‌ریەم بە ئەرکێکی سەربازی تایبەت رەوانەی یەکێك لە بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق دەکرێت، ئەمه‌ریکا زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، کە به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه‌ رێکخراوێکی تیرۆریستیە و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی سوپای ئەمه‌ریکاوە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، دامەزرێنەری کەتائیب حیزبوڵڵای عێراقی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كوژران.

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، هاوکارەکەی داوا لە مه‌ریەم دەکات، زانیاری لەبارەی ئەو کەسانەی هاوکاری ئەمه‌ریکایان کردووە لە کوشتنی سولیەیمانیدا پێبدات. مه‌ریەم دانی بەوەشدا ناوە، کە ئاگاداربووە و زانیویەتی ئەو کەسانەی داوای زانیاری دەکەن سەربە حیزبوڵڵان و لەناویشیاندا فەرماندەیەکی پلە باڵای حیزبوڵڵای لوبنان هەیە، کە ناوی نەهێنراوە.

دوای ئەم داواکارییە، لە سەرەتای کانوونی دووەمی ساڵی 2020 مه‌ریەم دەستدەکات بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەناو دەیان دۆسیه‌ و سەرچاوەی زانیارییدا دەگەرێت و چەندین زانیاری وەك ناوی تەواو، باگراوەند، وێنە، شوێن و زۆر زانیاری دیکە لە باره‌ی چەند کەسێك کۆدەکاتەوە. مه‌ریەم چەندین تەکنیکی بۆ دزە پێکردن و پێدانی زانیارییەکان بە هاوڕێکەی بەکارهێناوە و هاوڕێکەشی پێیوتووە فەرماندەکانی حیزبوڵڵا زۆر سوودیان لە زانیارییەكانی وەرگرتووە و پێیانخۆشە هەرکاتێك مه‌ریم چووە لوبنان لەنزیکەوە بیبینن.

کاتێک لە 27ی شوباتی ساڵی 2020 مه‌ریەم لە هەولێر لەلایەن "ئێف بی ئای"ـەوە دەستگیرکرا، لەڕێگەی ئەو رێگەپێدانەی کە هەیبووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانیەوە، بەلایەنی کەم 10 ناسنامەی نایاسایی بۆ خۆشەویستەکەی دروستکردووە. جیا لەوەش 20 ئامانجی ئەمه‌ریکیی بۆ دەستنیشانکردووە و چەندین تاکتیك و رێکاری بۆ ئاشکرا کردووە. مه‌ریەم بەمەبەست ئەم کارانەی کردوون و زانیویەتی ئەم زانیارییە هەواڵگریانە بۆ زیانگەیاندن بە ئەمه‌ریکا بەکاردێن و لە بەرژەوەندی حیزبوڵڵای لوبنانن.

مه‌ریەم رووبەڕووی توندترین سزا دەکرێتەوە، تا بەندی هەتاهەتایی. توندترین سزا لەلایەن کۆنگرێسەوە پێشنیاز دەکرێت و لێرەدا تەنیا بۆ زانیاری بەکارهێنراوە. سزای تاوانبار لەلایەن دادگا و بە راوێژ دەبێت لەگەڵ رێنمایی و رێبەرییەکانی سزادان، بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکەش.

بەسزاگەیاندنی ئەم تاوانبارە هۆکاری هەماهەنگی زۆر باشی دادگاکان و وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی ورد و سەرکەوتووی ئۆفیسی "ئێف بی ئای" لە واشنتن بووە.

H.B