تەرمی ئەو چوار پەنابەرەی رۆژئاوای کوردستان لە کرواتیا گیانیان لەدەستدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێم

لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر:

بڕیارە شەوی هەینی، تەرمی ئەو چوار هاووڵاتییەی رۆژئاوای کوردستان کە لە کرواتیا بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بگەڕێندرێنەوە هەولێر.

دوای راسپاردەکەی سەرۆکی حکومەت، هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کرواتیا کراوە تاوەکو لە رێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەرمی هەر چوار هاووڵاتییەکە بگەڕێندرێنەوە.  

پێشتر، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی گیان لەدەستدانی چەند هاووڵاتییەکی رۆژئاوای کوردستان لە کرواتیا بڵاویکردبووەوە: ''وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان لە بنەماڵە و کەسوکاریان و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان، لە سەر ڕاسپاردە و ئەرکی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرمی ئەو چوار پەنابەرە دەگەڕێنڕێتەوە هەرێمی کوردستان و دواتر دەنێردرێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و لە زێدی خۆیان بە خاک دەسپێردرێن.''

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی شاری دێرکن لە رۆژئاوای کوردستان، دوانەکەی دیکەش خەڵکی دیربیسی و سەرێ کانین.

باوکی یەکێک لەو گەنجانەی لە رووداوەکە برینداربووە بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: ''کوڕەکەی بەهۆی رووداوەکە، دەبێت 15 رۆژ لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە''.

22ـی ئاداری ئەمساڵ، بەهۆی وەرگەڕانی بارهەڵگرێک، کە پەنابەران خۆیان تێیدا حەشاردابوو، لە رۆژهەڵاتی کرواتیا، چوار پەنابەر کە کورد بوون گیانیان لەدەستدا و 10 پەنابەری دیکەش برینداربوون.

55
0
3
1