هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا كەمدەكات

هەفتەی رابردوو ئەمەریکا رۆژانە 88 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق هاوردەکردووە
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق - فۆتۆ: AFP
كێڵگەیەكی نەوتی عێراق - فۆتۆ: AFP

K24 - ھەولێر

فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوودا بۆ 88 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.

ئەو فەرمانگەیە لە راپۆرتێکدا ئاشكرای كرد، هەفتەی رابردوو ئەمەریکا 5 ملیۆن و 504 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لە نۆ وڵات هاوردەکردووە، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتری 568 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هەفتەی رابردوو ئەمەریکا رۆژانە 88 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراق هاوردەکردووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێشووتر رۆژانە 105 هەزار بەرمیل نەوتی هاوردەکردبوو.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین نەوت لە کەنەدا هاوردەکراوە بە بڕی 3 ملیۆن و 666 هەزار بەرمیلی رۆژانە و لە دوای ئەو مەکسیک بە 494 هەزار بەرمیلی رۆژانە و دواتر هەریەکە لە سعوودیە و بەرازیل بە بڕی جیاواز نەوتیان هەناردەی ئەمەریکا کردووە.