بە زیاتر لە 80 ملیۆن دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دووكان جێبەجێ دەكرێت

پڕۆژەكە بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت
دیمەنێكی قەزای دووكان
دیمەنێكی قەزای دووكان

K24 - ھەولێر

بە گوژمەی زیاتر لە 80 ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و كاری كۆنكرێتكردن بۆ چەند كۆڵان و شەقامێكی گەڕەكی فەرمانبەران لە دووكان بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی دووكان سەرپەرشتی و چاودێریی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.

وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند "لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەدا پڕۆژەی دانانی ھێڵی ئاوەڕۆی سەرەكی و دانانی ھاوبەشی ھێڵی ئاوەڕۆ بە ڕووبەری 500 مەتر بۆ ئەو خانووانەی دەكەونە سنووری پڕۆژەكەوە. هەروەها لە قۆناغێكی دووەمی پڕۆژەكەدا دەست دەكرێت بە كاری تێكەڵەڕێژكردن بە رووبەری 2800 مەتر دووجا، لە قۆناغی كۆتاییشدا دەست دەكرێت بە كاری كۆنكرێتكردن و دروستكردنی شۆستە بە رووبەری 1800 مەتر چوارگۆشە كە كێشەی ئاوەڕۆ و ھاتوچۆی گەڕەكی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت كە ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی دووكان لە رووی خزمەتگوزارییەوە".