مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان وەکو لانەیەکی ئارام بۆ تەواوی پێکهاتەکان دەمێنێتەوە

هەرێمی کوردستان وەکو لانەیەکی ئارام بۆ تەواوی پێکهاتەکان دەمێنێتەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان لە ئیڤێنتی یادکردنەوەی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كه‌ تێیدا به‌ ناوی نوای ئارام، ناوچه‌ی دژه‌فڕینی له‌ عێراق دیاری كرد، سوپاسی وڵاتانی ئەوروپی و بەریتانیای کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ کورد.

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هاوکاری سەرخستنی دۆزی کورد بکات و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان لەگەڵ کوردستان بەهێزتر بکات.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، هەرێم وەکو لانەیەکی ئارام بۆ تەواوی پێکهاتەکان دەمێنێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو، کە هێشتا مەترسی داعش لەسەر ناوچەکە ماوە، کە پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری هاوپەیمانان کۆتایی بە دەوڵەتەکەیان هێنا.

سەرۆک وەزیران گوتی: "هەرێم ئەزموونێکی سەرکەوتووی دیموکراسییە".

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، پشتگیری و هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ گه‌لی كورد زۆر گرنگ بوون له‌ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كاندا، هه‌رێمی كوردستانیش هه‌میشه‌ رێزی له‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كانی هاوپه‌یمانان گرتووه‌. 

مه‌سرور بارزانی، راشیگه‌یاند بڕیاری 688ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ له‌ 5ی نیسان/ ئه‌پریلی 1991 ده‌رچوو بۆ دروستكردنی نوای ئارام، باشترین و گرنگترین بڕیار بوو بۆ پشتیوانیكردنی گه‌لی كورد.

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ گوتاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تا ئێستا رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش گرفتی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان درووست كردووه‌، روونیشیكرده‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵ و ناوچه‌كانی خۆیان، پێویستیان به‌ پشتگیری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌.

له‌ باره‌ی شه‌ڕی دژی داعیش، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاسایشی جیهانی پاراست و له‌ جیاتی جیهان شه‌ڕی دژی رێكخراوه‌كه‌ كرد.

دووپاتی له‌وه‌شكرده‌وه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ ته‌لیسم و ئه‌فسانه‌ی چه‌كدارانی داعشی شكاند.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ فراوانتر ده‌كه‌ن.

نوێده‌كرێته‌وه‌..

وێبیناره‌ تایبه‌ته‌كه‌ به‌ شێوه‌ی لایڤ له‌ په‌یجی سه‌ره‌كی كوردستان24 له‌ فه‌یسبووك: