رۆژھەڵاتی كوردستان لەدۆخێكی سەختدا پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەكات
K24 - ههولێر:
ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی كوردستان لە دۆخێكی جیاوازدا پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەكەن، جگە لەوەی پەتای كۆرۆنا بەشێوەیەكی بەرچاو لە بڵاوبوونەوەدایە، ھاوكات بەھۆی قەیرانی ئابووری ھاووڵاتیان ناتوانن وەكو ساڵانی رابردوو پێداویستییەكانی رەمەزان دابین بكەن، دوكاندارەكانیش ئاماژه بهوه دهكهن، گرانی وایكردووە كە سفرەی رەمەزانی ئەمساڵی ھاووڵاتیان بچووكتر ببێتەوە.
لەگەڵ دەستپێكی مانگی رەمەزاندا قەرەباڵغییەكی زۆر لە شەقام و بازارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانەوە دیارە، ھاووڵاتیان دەیانەوێت كەلوپەلی پێویستی بۆ پارشێو و بەربانگ بكڕن، بەڵام بەشی زۆریان بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە ماڵ، یان لانیكەم ئەوەی ساڵانی رابردوو دەیانكڕی، ئەمساڵ ناتوانن دابینی بكەن، كەمبوونەوەی توانای كڕین وایكردووە سفرەی ئەمساڵی رەمەزان گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا بێت.
خورما، گۆشت و سپییەمەنی پێداویستییەكی رۆژانەی مانگی رەمەزانە لە رۆژھەڵاتی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی زۆربوونی ھەڵاوسانی ئابووری، كە گرانییەكی زۆری لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە ھاووڵاتیان تەنیا بیر لە دابینكردنی خورما و ئەگەریش كرا بامیە و زولوبیا دەكەنەوە، بە گوتەی ئەو دوكاندارە سفرەی تەواو ئاسایی بەربانگ پێویستی بەلانیكەم سەد ھەزار تومەنە، كە ھەموو كەس ناتوانێت رۆژانە دابینی بكات.
جگە لە گرانی و ھەژاری، رەمەزانی ئەمساڵ لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان ھاوكاتە لەگەڵ شەپۆلی چوارەمی تەشەنەكردنی كۆرۆنا، بەشێوەیەك لە بەشێک لە پارێزگاکان بۆ (10) رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆ راگەیاندراوە، وەزیری تەندروستی ئێرانیش هۆشداریداوە، لەوەی دۆخەكە لە بازنەی سووریش تێپەڕیوە، بەڵام قەرەباڵغییەكان لەناو شار و مزگەوت و حوسێنییەكان ھەر بەردەوامن.
د.ی