کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەبەر ریال مەدرید درێسەکەی یۆڤێنتۆسی فڕێداوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر جێنەوا
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر جێنەوا

ریال مەدرید هۆکاری فڕێدانی درێسەکەی یۆڤێنتۆس بووە لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، کە هێرشبەرەکەی یۆڤێنتۆس بەم هەڵسوکەوتەی گومانەکانی لەسەر چارەنووسی یاریکردنی لە یۆڤی زیاتر کردووە.

بەرنامەی بەناوبانگی کواترۆی ئیسپانی رایگەیاندووە، ریال مەدرید یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وای لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کرد لە دوایین خولەکەکانی یاریی یۆڤێنتۆس و جێنەوا درێسەکەی فرێ بداتە سەر زەوی، کە ئەم هەڵسوکەوتەی بووە هۆی تووڕەکردنی هاندەرانی یۆڤێنتۆس.

بەرنامە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ حەز دەکات بگەڕێتەوە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و جارێکی دیکە لەو یانەیە یاریی بکاتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا بەرپرسانی ریال مەدرید ئامادە نین بەهیچ شێوەیەک بیر لە گەڕانەوەی دۆن بکەنەوە.

ماوەیەک لەمەوبەر میدیاکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، خۆرخێ مێندێز بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئۆفەرێکی پێشکەشی ریال مەدرید کردووە تاکو جارێکی دیکە دۆن بگەڕێتەوە مەدرید.