راپۆرتی دووه‌می یاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان دەکرێت

سکرتێری پەرلەمان: حکومەت لە چاکسازی شەفافە
په‌رله‌مانی كوردستان
په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی و راپۆرتی چاکسازی لە باج، پێکەوە دەنێرێتە پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی رایگه‌یاند، راپۆرتی دووەم زۆر ھەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تێدایە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاشكرای كرد، ھەفتەی داھاتوو راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی و راپۆرتی چاکسازی لە باج دەنێرێتە پەرلەمان، سکرتێری پەرلەمانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ناردنی راپۆرتەکان دەرخەری ئەوەیە حکومەت شەفافە لە چاکسازی، وەك پەرلەمانیش چاودێری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی دووەمی یاسای چاکسازی و راپۆرتی چاکسازی لە باج، پێکەوە دەنێرێتە پەرلەمانی کوردستان، راپۆرتی دووەمی چاکسازی جیاوازه‌ لە راپۆرتی یەکەم، راپۆرتی دووەم تاییبەتە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی وردەکاری زیاتری تێدایە، ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان روونكرده‌وه‌، راپۆرتی دووەم زۆر ھەنگای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی تێدایە و جگە لەو راپۆرتەش راپۆرتی چاکسازی لە باجیش دەبنێرێت.

بەپێی پەیرەوی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەکە دەنێرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، دواتر دەدرێتە لیژنە تایبەتمەندیەکان، مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمان گوتی: ناردنی راپۆرتەکان دەرخەری ئەوەیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان شەفافە لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە (3) مانگ جارێك راپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بنێرێتە پەرلەمان، ھەفتەی داھاتووش ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتی دووه‌م دەنێرێتە پەرلەمان، راپۆرتی دووەم وردەکاری جێبەجێکردنی تەواوی یاسای چاکسازی و ئاستەنگەکانی بەردەمی تێدایە.

 

د.ی