پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی گەنم کەمبێتەوە

"بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان 50٪ کەمدەکات"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەهۆی کەمی باران بارین لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات، بەرهەمی گەنم بەراورد بە ساڵی رابردوو 50٪ کەمبکات.

حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگای پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران ئەمساڵ گەنم لە جوتیاران وەردەگرێت".

گوتیشی "کۆمپانیا جێبەجێکارەکانی ئەو پڕۆژەیە بەپێی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ دەبێت دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بکەن، بە نرخی رۆژ لە بازاڕی ناوخۆیی".

حوسێن حەمەکەریم راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ  هەماهەنگیەک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران".

ئاماژەی بەوەشدا: "لە ساڵی رابردوو نزیکەی 1.5 ملیۆن تۆن بەرهەمی گەنمان هەبووە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەمساڵدا پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنم بە رێژەی 50٪ دابەزێت".

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 390 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتبوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا ئێستا هیچ برێك دیاری نەکراوە، لەلایەکی دیکەوە بەپێی پڕۆژەی بە بازارکردنی گەنمی جوتیاران، لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە توانای هەیە لە پارێزگای هەولێر 200 هەزار تۆن، لە سلێمانی 150 هەزار تۆن و لە دهۆکیش 150 هەزار تۆن گەنم وەربگرێت.

محەمەد هادی