قوباد تاڵەبانی لەبارەی پەلامارەکەی داعش: دەبێ بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەھێڵرێت
K24 - هەولێر
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەلامارەکەی داعش بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "دەبێ بەوپەڕى توانامانەوە بەرپەرچی پەلامارە ترسنۆکانەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستیانە بدەینەوە و بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەھێڵرێت".
لە بەشێکی دیکەی پەیامی جێگری سەرۆکی حکومەت هاتووە: "ئەم پەلامارە تیرۆریستیانە ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێ زیاتر چاوکراوەبین بۆ رووبەڕووبونەوەى تێرۆر و تۆقاندن بە هەموو شێوەکانی و بەهەر هۆکارێک بێت. پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم ئافاتە مەترسیدارە کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کردۆتە ئامانج بنبڕ بكرێت".
دەقی پەیامی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:..
بەتوندی ئیدانەى پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەپردێ دەکەین لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە، دووپاتیشی دەکەینەوە کە دەبێ بەوپەڕى توانامانەوە بەرپەرچی پەلامارە ترسنۆکانەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستیانە بدەینەوە و بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەھێڵرێت.
ئەم پەلامارە تیرۆریستیانە ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێ زیاتر چاوکراوەبین بۆ رووبەرووبونەوەى تێرۆر و تۆقاندن بەهەموو شێوەکانی و بەهەر هۆکارێک بێت. پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم ئافاتە مەترسیدارە کەئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کردۆتە ئامانج بنبڕ بكرێت.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
قوباد تاڵەبانی
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران