بۆ گەرەنتیکردنی مافی کرێکاران یاساكانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەموار دەکرێنەوە

(115) هەزار کرێکاری دەستەبەرکراو لە وەزارەتی کار تۆمارکراون
دوو یاسای تایبه‌ت به‌ كرێكاران هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌
دوو یاسای تایبه‌ت به‌ كرێكاران هه‌موار ده‌كرێنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکارن لە ھەرێمی کوردستان یاساکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەموار کراونەتەوە و بۆ پێداچونەوەشی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون.

بەپێی ئەو ئامارەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایه‌تی ھەیە، تا ئێستا (115) ھەزار کرێکاری دەستەبەرکراو لە وەزارەتی کار تۆمار کراون، بەڕێوبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ھەموارکردنەوەی یاساکان بەو ئامانجەیە کە رەوشی کرێکاران باشتر بکرێت.

یاساکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان ھەموار دەکرێنەوە، بەو ئامانجەی بتوانێت رەوشی کرێکاران بباتە قۆناغێکی باشتر، عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار ئاشکرای كرد، کە ھەردوو یاساکەیان ھەموارکردووه‌تەوە و داویانەتە حکومەت و ئەنجوومەنی شورا بۆ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، ئەو گۆڕانکاریانەشی لە هەردوو یاساکەدا کراوە، بریتییە لە سزا و مافەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، بۆ کۆنترۆڵکردنی ھاوردەکردنی کرێکاری بیانیشە بۆ ھەرێمی کوردستان.

ھەمووان لەسەر ئەوە کۆکن، کە پێویستە ھەمواری نوێی یاساکان دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکارانی ناوخۆ لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و کەرتی پیشەسازی و بازرگانیدا بەراورد بە کرێکارانی بیانی بڕەخسێنێت، د. محەمەد زرار، شارەزای ئابووری پێیوایە لەماوەی کابینەی نۆیەمدا رەوشی کاری کرێکاران لە رووی دەستکەوتنی کار و داھاتیانەوە ھەنگاوی باشی ناوە.

ھەردوو یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە لایەن وەزارەتی کارەوە ھەموارەکەی ئامادە کراوە، ئێستا یاسای کار بۆ پێداچوونەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانە و یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش لە ئەنجومەنی شوراییە، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان (115) ھەزار کرێکاری دەستەبەرکراوی ناوخۆ ھەن و (12) بۆ (13) ھەزار کرێکاری بیانی دەستەبەری کراویش ھەن، ئەمە جگە لەوەی کرێکارێکی زۆر ھەن و تا ئێستە دەستەبەر نەکراون و بەشێکیشیان لە لایەن خاوەکارەکانیانەوە مافەکانیان دابین ناکرێت.

د.ی