دهۆك.. شەقامە ناوخۆییەكانی دێرەلووك نۆژەن دەكرێنەوە

ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاریش په‌سه‌ند كران
ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ دێره‌لووك جێبه‌جێده‌كرێن
ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ دێره‌لووك جێبه‌جێده‌كرێن

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاره‌دێی دێرەلووك جێبه‌جێده‌كرێن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمەتگوزارییەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆكی پەسەند كران.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا روونیكرده‌وه‌، لە چوارچێوەی پلانەكانی كابینەی نۆیەم بۆ پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و شارەوانیی دێرەلووك بە گوژمەی 363 ملیۆن دینار ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری كەوتنە بواری جێبەجێكردن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وەزارەت لیستێكی دیكەی تایبەت بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆكی بە بڕی نزیكەی 380 ملیۆن دینار پەسەند كرد.

له‌ به‌یننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانیدا هاتووه‌، پڕۆژەكانی سنووری شارەوانیی دێرەلووك بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و شارەوانیی دێرەلووك بە گوژمەی 363 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن، كە بریتین لە نۆژەنكردنەوە و قیڕتاوكردنی شەقام و ئاوەڕۆ و شۆستە لە گەڕەكەكانی داستان، ئازادی و شەهیدان لە دێرەلووك.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاشكرای كرد، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوێرەی پلان كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەكەن و لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەكەشدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەی ستراتیژی و خزمەتگوزاری جێبەجێ كراون.

 

د.ی