بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ: داوا له‌ هاوبه‌شانی ئاو ده‌كه‌ین مامه‌ڵه‌ی سوودمه‌ندبوون پێشكه‌ش بكه‌ن تا لێخۆشبوون بیانگرێتەوە

"ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات و بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە"
پڕۆژه‌یه‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌
پڕۆژه‌یه‌كی ئاوی خواردنه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند، داوا لە هاوبەشانی ئاو دەكه‌ین بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە بەشێكی زۆر لە نرخی  ئاوی ماڵان و شوێنە گشتییەكان، لە نزیكترین كاتدا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن و مامەڵەی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی بە رێژەیەكی زۆر لێخۆشبوون بیانگرێتەوە.

لە چەند مانگی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە رێنمایییە كۆنەكەی وەرگرتنی كرێی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و شوێنە گشتییەكانی لە بەرژەوەندی هاوبەشانی ئاو هەمواركردەوە و بڕیاری دا بە كەمكردنەوەی كرێی ئاوی خواردنەوە.

بە گوێرەی بڕیارە نوێیه‌كە بۆ دابەزاندنی نرخی ئاو، نابێت بەرزترین ئاستی نرخی ئاو بۆ هەر مانگێك لە 45 هەزار دینار زیاتر بێت،

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ روونیكرده‌وه‌، ئەگەر هاووڵاتییەك بۆ چوار مانگ 600 هەزار دیناری بۆ هاتبێتەوە، ئێستا تەنیا بڕی 180 هەزار دینار دەدات، واتە بڕی 420 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیگرێتەوە، كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاودایە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جه‌ختی كرده‌وه‌، هەموو ئاسانكارییەك بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەكەین، كە دەیانەوێت لە بڕیارەكە سوودمەندبن، چونكە ئامانجمان لە هەمواركردنەوەی بڕیارە كۆنەكە خزمەتكردنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی بە بڕە پارەیەكی كەم زۆرترین قەرزەكانیان بدەنەوە.

 

د.ی