كۆرۆنا له‌ عێراق.. ئاماری مردن و تووشبوون جارێكی دیكه‌ هه‌ڵكشا

ژماره‌ی تووشبوون بۆ‌ سه‌رووی 6 هه‌زار كه‌س به‌رزبووه‌وه‌ و زیاتر له‌ 40 كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستدا
ئاماری تووشبوون و مردن له‌ كۆرۆنا به‌رزبووه‌وه‌
ئاماری تووشبوون و مردن له‌ كۆرۆنا به‌رزبووه‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 38 هه‌زار و 609 كه‌س ئه‌نجامدراوه‌ و تووشبوونی 6 هه‌زار و 143 كه‌سی دیكه‌ به‌ په‌تاكه‌ پشتڕاست كرایه‌وه.‌ زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له‌ ناوچه‌ی كه‌رخی شاری به‌غدا‌ تۆماركرا، كه‌ بریتییه‌ له‌ هه‌زار و 631 حاڵه‌ت.

وه‌ك له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 42 كه‌سیش به‌هۆی په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه.

هاوكات 7 هه‌زار و 242 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌.

تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه‌ بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته‌ ملیۆنێك و 86 هه‌زار و 141 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 15 هه‌زار و 608 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه، 971 هه‌زار و 793 كه‌سیش به‌ رێژه‌ی 89.5% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 98 هه‌زار و 740 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 579 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، تا ئێستا 393 هه‌زار و 104 كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه‌.

H.B