بەریتانیا رێگا نادات ئەوروپییەکان بەبێ مۆڵەت کار بکەن

لەمەودوا ئەوروپییەکان لە بەریتانیا هاوشێوەی هاووڵاتیانی دەرەوەی ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت
فڕۆکەخانەیەکی لەندەن
فڕۆکەخانەیەکی لەندەن

K24- ئەوروپا:

30 کەس کە هەڵگری ناسنامەی ئەوروپین، لە سەنتەری کۆچ (سەنتەری داواکردنی پەنابەری سیاسی) راگیراون بۆ حەوت رۆژ، لەبەر ئەوەی هەوڵیانداوە بچنە ناو بەریتانیا بەبێ ڤیزەی کار. ئەمەش یەکەم کاردانەوەی توندە لە دوای برێکزیت و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا رێگە نادات کەسانێک بە ڤیزەی گەشتیاری بچنە ناو وڵات و دواتر کاربکەن لە لەندەن یان هەر شارێکی تری بەریتانیا.

کاتێک بەریتانیا بەشێک بوو لە یەکێتی ئەوروپا، بەبێ هیچ کێشەیەک و بەپێی رێنماییەکانی یەکێتی ئەوروپا هەر تاکێکی ئەوروپی دەیتوانی بچێتە بەریتانیا و کاری بکردایە. لەمەودوا ئەو کارە ئاسان نییە. لە دوای ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، رێگەپێدراو نییە ئەوروپییەکان بەبێ مۆڵەت لە بەریتانیا کار بکەن.

ئەو 30 کەسەی لە بەریتانیا گیریان خواردووە، تەنها لەرێی تەلەفۆنێکی گشتیەوە، کە لە سەنتەرەکە دانراوە، دەتوانن پەیوەندی بە دەرەوە بکەن، راگیراوان باس لە خراپی بارودۆخی مانەوەیان دەکەن.

کێشەیەکی تری ئەو راگیراوە ئەوروپییانە ئەوەیە، کە هەندێک جار دەبێت زیاتر لە حەوت رۆژ بمێننەوە لەبەر ئەوەی ژمارەی دەرکردن (دیپۆرت) دیاریکراوە بەهۆی نەبوونی فڕۆکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەهۆی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا.

ئەمەش بۆ ئەوروپییەکان نوێیە، لە لایەن بەریتانیاوە وەکو هەر هاووڵاتییەکی دیکەی جیهان تەماشابکرێن.