عێراق بە فەرمی داوای کڕینەوەی پشکی ئێکسۆن مۆبیل لە رۆژئاوای "قورنە1" دەکات

ئێکسۆن مۆبیل دەیەوێت (32.7%)ی پشکی خۆی لە کێڵگەكه‌ بفرۆشێت
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی عێراق، کە کێڵگەی رۆژئاوای "قورنە یەک" بەڕێوەدەبات، رایگەیاند، عێراق بە فەرمی داوای کڕینەوەی پشکی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی لە کێڵگەکە کردووە.

مانگی رابردوو عێراق رایگەیاندبوو، ئێکسۆن مۆبیل دەیەوێت (32.7%)ی پشکی خۆی لە کێڵگەی رۆژئاوای "قورنە یەک" بفرۆشێت، وەزارەتی نەوتیش بە گرنگیەوە لە گرێبەستی کڕینەوە پشکەکان دەڕوانێت.

خالید هەمزە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسڕە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بڕیاری کڕینەوەی پشکی ئێکسۆن مۆبیلیان داوە و بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی نامەیەکیان ئاراستەی کۆمپانیاکە کردووە، هەروەها هەردوو وەزارەتەکانی نەوت و دارایی کار بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست دەکەن، بۆ کڕینەوەی پشکی کۆمپانیا ئەمه‌ریکییەکە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاكرده‌وە، بۆ فرۆشتنی پشەکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن داوای (350) ملیۆن دۆلاری کردووە.

بڕیاری فرۆشتنی پشکەکان دوای گۆڕانی پلانەکانی ئێکسۆن مۆبیل دێت، لە کاتێکدا لە ساڵی (2019) پلانی داڕشتبوو، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق پڕۆژەیەك بە گوژمەی (53) ملیار دۆلار جێبەجێ دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، خاوەن پشکەکانی دیکەی کێڵگەی "قورنە یەک" بریتین لە پێترۆچاینا بە رێژەی (32.7%) و ئیتۆچوی ژاپۆنی بە رێژەی (19.6%) پشکەکان و پێرتامینای ئەندەنوسی کە خاونداری (10%)ی پشکەکان دەکات.

کۆمپانیای دواداگەڕانی نەوتی عێراقیش کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت خاوەنداری (5%)ی کێڵگەکە دەکەن.

خالید هەمزە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی کۆمپانیای نەوت بەسڕه‌ روونیكرده‌وه‌، عێراق بودجەی وەبەرهێنانی بۆ ساڵی (2021) پەسەند کردووە، کە بە گوێرەی بودجەکە (7) ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تەرخانکراوە، کە پەرە بە کێڵگەکانی بەسڕە و باشوور بدەن، کە لەلایەن کۆمپانیای نەوت بەسڕەوە بەڕێوەدەبرێن.

روونیشكرده‌وه‌، سەرەڕای بەرزکردنەوەی داهات، ئامانجیانە بەرهەمهێنانی نەوتی سووك بە بڕی (100) هەزار بەرمیلی دیکە بۆ ملیۆنێك و (100) هەزار بەرمیل بەرزبکەنەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش كرد، لەسەرەتای ئەم مانگەوە ئاستی هەناردەکردن لە کێڵگەکانی بەسڕە بۆ (2) ملیۆن و (850) هەزار بەرمیل دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی نیسان هەناردە (2) ملیۆن (900) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بووە.

عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتییە لە رێکخراوی ئۆپێك دوای وڵاتی سعودیە، داهاتی نەوتی (95%) کۆی داهاتی وڵاتەکەی پێکهێناوە.

ساڵی رابردوو داکەوتنی خواست و نرخی نەوت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانی گەورەی بە داهاتی عێراق گەیاند، بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵ بازاڕی نەوت گەشایەوە و  ئۆپێك پڵەس رێککەوتووە بەشێوەی پلە بە پلە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکاتەوە.

 

د.ی