ئێران رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی گه‌یانده به‌رزترین ئاستی بێ خه‌وشی
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی جیهانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند، ئێران رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی پاك و بێ خه‌وشی گه‌یاندووه‌ته‌وه به‌رزتر له‌و ئاسته‌ی پێشتر به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كان پێشبینی ده‌كرا.
له راپۆرتێكدا ئاژانسی ناوبراو رۆشنایی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ئالنگاریانه‌ی له دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننا رووبه‌ڕووی دیپلۆماتكاران ده‌بنه‌وه، كه له مانگی رابردووه‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ساڵی 2015ی ئێران و گروپی 5+1 ده‌ستیپێكردووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له یه‌كه‌م راگه‌یاندندا له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كانی ڤیه‌ننا، ئێران دووپاتیكرده‌وه، به رێژه‌ی 60% ده‌ست به پیتاندنی یۆرانیۆم ده‌كات، كه ناگاته پله‌ی دروستكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی، به‌ڵام تا ئێستا به‌رزترین پله‌ی پاكی و بێ خه‌وشییه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه رۆژی سێشه‌ممه رافائێل گروسی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی به ئاژانسه ئه‌ندامه‌كانی راگه‌یاند، پرۆسه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پشكنین جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئێران له وێستگه‌ی نه‌ته‌نز گه‌یشتووه‌ته رێژه‌ی 60%ی پیتاندنی یۆرانیۆم.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و سامپڵانه‌ی له 22ی مانگی رابردوو وه‌رگیراون پشتڕاستی ده‌كه‌نه‌وه كه ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم له وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران گه‌یشتووه‌ته 63%.
سه‌رچاوه: ئه‌سۆشێیتد پرێس
H.B