راگەیاندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

وەزارەتی پێشمەرگە: چەندین جار هۆشداریمان لە ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق داوە
ژمارەیەک پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی سنووری کفری - ئەرشیف
ژمارەیەک پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی سنووری کفری - ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزارەتی پێشمەگە لەبارەی پەلاماری شەوی رابردووی چەکدارانی داعش لە سنووری کفری راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لە ئەنجامی ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان رێکبخەنەوەو لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر  دەرکەوتوونەتەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوی وەزارەتی پشمەرگەدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان، پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن لەگەڵ سوپای  عێراقدا هەیە. بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی  دەبێت،  دڵنیاییش دەدەینە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە".

دەقی راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:..

لەماوەی رابردودا، چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەئەنجامی ھەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی، تیرۆریستانی داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوە و لەئێستادا لەشێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر  دەرکەوتوونەتەوە.  بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، ماوە ماوە کردەوەیەکی دڕندانەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی 11ی ئایاری 2021 تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا،  لەسنوری قەزای کفری و لەئەنجامی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە، پێشمەرگەیەک بەناوی( محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو. پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچ  دراوەتەوەو تیرۆریستان راونران. جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کە تیرۆرستان جوڵە و بزاوتەکانیان زیادبووە و لە ئێستادا شێوازی شەڕو پەلاماردانیان گۆڕیوەو، بەردەوام مەترسی دروست دەکەن.

لێرەوه جەخت دەکەینەوە، بۆ رێگریکردن لەم رووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستان پێویستیمان بە رێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن، لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە.

بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەوکردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی تووندی  دەبێت،  دڵنیاییش دەدەین بە خەڵکی کوردستان، کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە.

پرسە و سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدی سەنگەری بەرگری نیشتمان (محسن حسێن گەرەوەیی) دەکەین و پەروەردگاری میهرەبان سەبووری هەموو لایەک بدات.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

12 ی ئایاری 2021