منداڵێکی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیردەخوات

دایکی لە ئەوروپایە و باوکی لە کوردستان، ویستویەتی بچێتە ئەوروپا
kurdistan24.net

K24 – ئیستانبوڵ

منداڵێکی کورد دەیەوێت بەرەو ئەوروپا کۆچ بکات و بە دایکی شادبێتەوە، چونکە دایکی وەک پەنابەر لە ئەوروپا دەژیت، بەڵام دوای چەندین جار هەوڵەکانی بێ ئاکام دەبێت، ئەو نەخۆشی شەکرەی هەیە و لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیری خواردووە، وەکخۆی دەڵێ، داوای بڕەپارەیەکی زۆری لێدەکرێت و رێگەی پێنادەن بێتە دەرەوە و خۆشی ئەو بڕە پارەیەی نییە بیدات.

ئەیمەن ئیبراهیم، تەمەنی 14 ساڵە، باوکی لە کوردستانە و دایکیشی لە ئەوروپا، باوکی ویستویەتی بە رێگەی تورکیاوە بینێرێتە ئەوروپا، بۆ لای دایکی، چەند جارێک هەوڵیداوە، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە لە تورکیا بچێتە یۆنان. باوکی لە تورکیا رادەستی قاچاخچی کردووە، بەڵام نەخۆش دەبێت و لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت، دواتر باوکی ئەیمەن کوڕەکەی رادەستی ماڵباتێکی کورد دەکات، دەیەوێت لە تورکیاوە بە رێگەی ئاویی بچێتە یۆنان، بەڵام ئەو لەسەر دەریای ئیزمیر دەترسی و نەخۆشدەکەوێت، دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی جارێکی دیکە دەگەڕێندرێتەوە ئیستانبوڵ، ئەیمەن نەخۆشی شەکرەی هەیە ئێستا لە نەشخانەیەکی ئیستانبوڵ گیری خواردووە.

ئەیمەن ئیبراهیم، بە کوردستان24ی گوت: "داوا لە حکومەتی هەرێم و خێرخوازان دەکەم بە هانام بێن، لە نەخۆشخانە منیان راگرتووە، داوای پارەیەکی زۆرم لێدەکەن، منیش ئەو بڕە پارەم نییە".

ئەو ویستویەتی بچێتە لای دایکی خۆی لە ئەڵمانیا، بەڵام ئێستا کە ناتوانێت لەم رێگایە بڕوات و نەخۆشکەوتووە، خوازیارە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

ئەیمەن، گوتیشی: "من لەگەڵ باوکم چوومە تورکیا، بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بەڕێم بکات و بچمە ئەڵمانیا لای دایکم، باوکم گەڕایەوە کوردستان و منیشی لای خێزانێک جێهێشت، ئێستا لە نەخۆشخانە کەوتووم، دایکم مافی پەنابەری پێنەدراوە و ناتوانێ لە ئەڵمانیاوە بێتە تورکیا، دەمەوێت بڕۆمە لای دایکم، بەڵام ناتوانم بە تەنیا لە تورکیا بمێنمەوە، بۆیە دەبێ بگەڕێمەوە کوردستان".

هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە تورکیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "دایکی ئەیمەن پەیوەندی پێوەکردم، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەک بۆ کوڕەکەیان بدۆزینەوە، من چەند رێگەیەکم بۆ دیارکردن وەک چارەسەر، بەڵام بە قسەی ئێمەیان نەکرد".

گوتیشی: "ئەو منداڵە لەلایەن باوکییەوە رادەستی قاچاخچی کراوە، بۆ ئەوەی بیگەیەننە لای دایکی لە ئەڵمانیا، بەڵام ئەو نەخۆشی شەکرەی هەیە و بارودۆخی تێکدەچێت و چەندین جار رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. لەسەر داوای دایکی سەردانی نەخۆشخانەم کرد، لەگەڵ بەرپرسانەی نەخۆشخانەکە قسەم کردووە، بۆم دەرکەوت ئەوان چارەنووسی منداڵەکەیان لا گرنگترە لە تێچووی چارەسەری لە نەخۆشخانەکە، دەڵێن ئەگەر پارەکەش دابین بکرێت، جگە لە دایک و باوکی رادەستی کەسی ناکەین".

دایکی ئەیمەن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کوردستان24ی گوت، کوڕەکەی لە بارودۆخێکی مەترسیدار دایە و تەمەنی بچوکە و نەخۆشە، داوا دەکات رزگار بکرێت.

ه.م