"چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ و گواستنەوەی لە رووی زانستییەوە دوور و نزیك ھیچ بنچینەیەکی نییە"

کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان: ئەم نەشتەرگەرییە لە ھیچ جێیەکی دونیا ئەنجام نادرێت و قەدەغەیه‌ و لە رووی کرداری نەشتەرگەرییەوە زۆر زەحمەتە
ژووری نه‌شته‌رگه‌ری
ژووری نه‌شته‌رگه‌ری

K24 - هه‌ولێر:

کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هه‌واڵی نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ و گواستنەوەی لە رووی زانستییەوە دوور و نزیك ھیچ بنچینەیەکی نییە.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، "لە رۆژانی رابوردوو راپۆرتێك لە یەکێك لە کەناڵەکانەوە پیشاندرا، له‌بارەی نەشتەرگەری و چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ و باسی گواستنەوە و چاندنی "گون" کراوه‌، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكه‌ بگوزارێته‌وه‌، ئێمە بۆ رای گشتی رای دەگەیەنین، کە ئەم بابەتە لە رووی زانستییەوە دوور و نزیك ھیچ بنچینەیەکی نییە و پێمان سەیرە ئەم ھەواڵانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن و بۆ چی مەرامێك بڵاو دەکرێنەوە".

کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان ئاشكرای كرد، "ئەم نەشتەرگەرییە لە ھیچ جێیەکی دونیا ئەنجام نادرێت، چونکە بە پێی یاسا و ئایین قەدەغەیه‌ و تاوانێکی گەورەیە و لە رووی کرداری نەشتەرگەرییەوە زۆر زەحمەتە، ھەروەھا وەک راستکردنەوەیەک بۆ ھەڵەیەکی زانستی، کە لە راپۆرتەکەدا باس کراوە، ھیچ جیاوازیەك نییە لە نێوان گونی چەپ و راستدا، لە ھیچ روویەکەوە".

کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری میزەڕۆی کوردستان داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەكات، "لە دانان و ئامادەکردنی ھەر ھەواڵ و راپۆرتێکی پزیشکی پەیوەندی بەلایەنی تایبەتمەندی ئەم بابەتە بکرێت، به‌ر له‌ بڵاوکردنەوەی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناشیرینکردنی وێنەی کاری پزیشکی لە کوردستان خزمەت بەھیچ لایەک ناکات".

 

د.ی