مەترسی بە بیابانبوون لەسەر زۆنگاوەکانی باشووری عێراق دروستبووە
K24 - ههولێر:
بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، مەترسی بە بیابانبوون لەسەر زۆنگاوەکانی باشووری عێراق دروستبووە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیش ئاماژەی بهوه كرد، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات، گرتنەوە و دروستکردنی بەنداوە لەسەر سەرچاوەکانی ئەو دوو رووبارە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە.
لە کاتێکدا رۆژانێک زۆنگاوەکانی عێراق لە رووی مێژووییەوە بە بەهەشتی عەدن ناوبانگیان دەرکردبوو، لە لایەنە نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە وەک بەشێک لە کولتووری جیهان دەناسرا، کەچی ئێستا بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات، مەترسی ووشکبوون و بەبیابانبوونییان لەسەر دروستبووە.
جاسم ئەسەدی، چالاکوانی ژینگە گوتی: "دەبێت لە ئێستاوە پلان دابڕێژین، چونکە نزیکەی هەفتەیەکە ئاوی زۆنگاوەکان رۆژانە زیاتر لە یەک سانتیمەتر کەم دەکات، واتە لە سێ مانگی داهاتوودا کە گەرمترینە بە درێژایی ساڵ، ئاوی زۆنگاوەکان یەک مەتر دادەبەزێت و زۆنگاوەکان دەبنە بیابان".
وەک وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و ژینگەپارێزان ئاماژەی بۆ دەکەن، هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە و فورات لە عێراق، گرتنەوەی سەرچاوەکانییەتی لە تورکیا و ئێران و دروستکردنی بەنداوە.
دایکی مونتەزەر، كه دانیشتووی زیقاره، مهترسی له رهوشهكه ههیه و گوتی: "کە ئاو کەم بوو ژیانمان زۆر سەخت بوو، باڵندەکان کۆچیان کرد و ئاژەڵەکانمان مردن، بە دۆخی زۆر سەختدا تێپەڕبووین، کەشوهەوا زۆر گەرم بوو و ئاژەڵەکانمان ناژین، ئێمەش بێ ئاو ناتوانین بژین، ئەگەر ئاو نەگاتە ئێرە، چۆن بژین؟".
کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوەکان، بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی گامێشەکانیش، کە لەلایەن خەڵکی ئەم ناوچانەوە بایەخی پێدەدرێت و بەخێودەکرێن، بەهۆی خواستی زۆر لەسەر فرۆشتن، ئێستا نرخییان هەرزان بووە.
عەلی حەسسان، كه بەخێوکەری گامێشه، روونیكردهوه، "هەمووان ئاژەڵەکانیان دەفرۆشن، چونکە دەمرن، ئاژەڵمان هەیە بە کەمترین نرخ فرۆشتوومانه، گامێشێک ئێستا بە 3 ملیۆن دینارە، کەچی لە کاتی وشکبووندا دەبێتە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، واتا ئاژەڵەکە نرخی دەبێتە نیوە".
بەهۆی ئەوەی زۆنگاوەکان ببوونە پەناگەیەک بۆ نەیارانی رژێمەکەی، ساڵی 1991، سەدام حسین بڕیاردا بە وشککردنییان، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی پانتایی زۆنگاوەکان، کە ئەو کات بە 15 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە مەزندە دەکرا.
له ساڵی 2016شدا نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی یونسکۆوە، زۆنگاوەکانی عێراقی خستە لیستی شوێنەوارە دێرینەکانی جیهانەوە.
د.ی