فازڵ میرانی: پارتی قاچاغی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستانە و شانازیشی پێوە دەکات

"ھەموو ھەوڵێك دەده‌ین بە سەربەرزییەوە بگەڕێینەوە ئەو ناوچانە"
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی
فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی

K24 - هه‌ولێر:

ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئەگەر بۆ حیزبە عێراقییەکان تا رادەیەک قورسبێت بۆ حیزبە کوردستانیەکان دوو هێندە قورسترە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، کە دانیشتوانی کورد لەو ناوچانە تا ئێستاش ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت ئەوان لە کەرکوك و ناوچە کوردستانییەکانی دیكه‌ قاچاغی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانن و شانازیشی پێوە دەکەن.

حیزبە کوردستانییەکانی بەشدار لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئامادەکارییەکانیان دەستپێکردووە و بەشێکیان بە ھاوپەیمانی و نزیک لەیەک بەشێکیشیان رێکكەوتنیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداریی ھەرێم کردووە، ھەمووانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە لە ناوچە کوردستانییەکان نزیک لە یەک بن تا دەنگی کورد لەو ناوچانە نەفەوتێت، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ئاشکرای كرد، ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ھەڵبژاردنی عێراق و بۆ ناوچە کوردستانییەکانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پارتی قاچاغی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستانە و شانازیشی پێوە دەکات و ھەموو ھەوڵێکیش دەدات بە سەربەرزییەوە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە.

ھەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، جگە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ھەڵبژاردنی عێراق خوازیارە بانگەشەیەکی تەندروست لەو ناوچانەی لە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانە بکرێت و ھەموو حیزبەکان کۆکبن لەسەر کۆدەنگی کورد لەو ناوچانە.

رزگار حاجی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبەش روونیكرده‌وه‌، کە پێویستە حیزبە کوردستانییەکان سازش لەسەر دەنگی کورد لە کەرکوک و دەوروبەری نەکەن و ھەمووان سووربن لەسەر ناساندنی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە.

دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتنی کەسایەتی و حیزب و ھاوپەیمانێتییەکان ئیدی لایەنە سیاسییەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن، بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگی دەنگدەران بەدەستبێنن، ھەر لە ئێستاوە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان بە ناڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی دەنگ و بانگەشەی ھەڵبژاردن، لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق 25 ملیۆن و 139 ھەزار و 375 کەس مافی دەنگدانیان ھەیە، کێبڕکێی 267 حیزبی سیاسی و 42 ھاوپەیمانی لەگەڵ 3 هه‌زار و 500 بەربژێر دەستیپێکردووە، بۆ بەدەستھێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

د.ی