نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتی ده‌كات

"یه‌كێتی خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێز و سه‌ره‌كين له‌ پڕۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان"
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچيرڤان بارزانى، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 1ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021، له‌ يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيدا، له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى و به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كێتی، مه‌كته‌بى سياسى، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى، ته‌واوى كاديران و جه‌ماوه‌ر و لايه‌نگرانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

نێچيرڤان بارزانى، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، له‌ يادى 46 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى يه‌كێتيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ خۆيان و له‌ رێگه‌ى ئه‌وانيشه‌وه‌ پیرۆزبایی لە یه‌كێتی كرد.

نێچیرڤان بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ یه‌كێتی وه‌ك هێزێكى سياسيى سه‌ره‌كيى كوردستان خاوه‌ن رۆڵێكى دياره‌ و خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى به‌هێز و سه‌ره‌كين له‌ پڕۆسه‌ى سياسى و ده‌سه‌ڵاتدارى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رۆڵ و ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان و ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى له‌پێناو ته‌بايى و يه‌كڕيزى و پێكه‌وه‌يى و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان له‌ ئێستا و داهاتووى گه‌لى كوردستاندا به‌ گرنگ و پێويست ده‌زانین و له‌م ياده‌شدا سڵاو و دروودى بۆ گيانى خوالێخۆشبوو "مام جه‌لال" ده‌نێرین و دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌،‌ كه‌ به‌ رێز و شكۆوه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه.