نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 72 دۆلار نزیک دەبێتەوە

بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

بەهۆی پێشبینییەکان بە زیادبوونی خواست لەسەر سووتەمەنی بە تایبەت لە ئەمریکا و ئەوروپا و چین، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ پێنجشەممەدا بۆ سێیەم رۆژی مامەڵەکردن لەسەر یەک بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئاب بە رێژەی 0.59٪ بۆ 71.99 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.55٪ بۆ  69.40 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە رایانگەیاندبوو، لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت لە خستنەڕوو زیاتر دەبێت، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

لە داتاکانی ئۆپێک پڵەسدا هاتووە، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت بۆ 99.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزدەبێتەوە، لە کاتێکدا خستنەڕوو 97.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دەبێت.