نەتەوەیەکگرتووەکان: عێراق پێنجه‌م وڵاته‌ له‌ رووی پیسی ژینگه‌وه‌

"بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت 39%ی رووبەری خاکی عێراق بەبیابان بووە"
عێراق پێنجه‌م وڵاته‌ له‌ رووی پیسی ژینگه‌وه‌
عێراق پێنجه‌م وڵاته‌ له‌ رووی پیسی ژینگه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە لیستی ئەو وڵاتانەی لە رووی ژینگەییەوە پیسن، عێراق لە ریزبەندی پێنجەم دێت و دووچاری گەورەترین مەترسیش دەبێتەوە لەرووی ئابووری، ئاماژەی بەوەشکردووە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەکاریگەری کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی رووباری دیجلە و فورات و دروستکردنی بەنداو لەلایەن تورکیا و ئێران و لەهەمانکاتدا بەهۆی کەمتەرخەمی حکومەت 39%ی رووبەری خاکی عێراق بەبیابان بووە و 54%ی زەوییە کشتوکاڵییەکانیشی مەترسی وشکبوون و بەبیانبوونی لەسەرە.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووە، عێراق تاوه‌کو ساڵی 2035 زیاتر لە 10 ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو ساڵانە لەدەست دەدات، هەروەها بەگوێرەی ئامارەکان، بەکاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسییەکانی سەر ژینگە، زیاتر لە 7 ملیۆن عێراقی زیانیان بەرکەوتووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەبارەی ژینگەی وڵاتانیش، ساڵانە زیاتر لە چوار ملیۆن و 700 هەزار هێکتار کە زیاترە لە رووبەری وڵاتێکی وەکو دانیمارک لەناودەچێت، هەروەها ساڵانە 80%ی ئاوی پاک و تەندروست لە جیهان بەفێڕۆ دەچێت بێ ئەوەی چارەسەر بکرێت.

لە راپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووه‌، زەوی کشتوکاڵییەکان لە جیهان دووچاری وشکبوون دەبنەوە و لە ماوەی 300 ساڵی رابردوودا نزیکەی 87% لەناوچوونە.

لە رۆژی جیهانی ژینگەدا پیشبنیکراوە، ئەگەر پلان بۆ داڕشتنی سیستەمێکی باش ژینگە نەدرێت؛ ئەوا لەهەر سێ چرکەیەك هیندەی یاریگایەکی تۆپی پێ دارستان لەناودەچن و لەماوەی سەدەی رابردووشدا نیوەی ئەو رووبەرە لەناوچوونە.

 لەم رۆژەدا نەتەوەیەکگرتووەکان داوای دەکات، پلان بۆ ئه‌وه‌ دابڕێژرێت، كه‌ کار بۆ گەڕانەوەی ملیارێك هیکتار زەوی بکرێت، کە یەکسانە بە رووبەری وڵاتیكی وەکو چین، بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی سوودمەند بێت لە دەستکەوتنی خۆراک و ئاوی خاوێن و ژینگەیەکی لەبار.

 

د.ی