"پەکەکە دەستدرێژی کردووه‌تە سەر خاکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە"

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق: لە شارەدێی دەرکار 40 گوند بەهۆی شەڕی پەکەکە چۆڵکراون
محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

محەمەد رەزا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان دەستدرێژی کردووه‌تە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێمە دۆخەکەمان بینیووە و لە شارەدێی دەرکاریش 40 گوند بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکراون و خەڵکەکەی ئاوارە بوونە، بۆیه‌ پێویستە پشتیوانی زیاتر بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەو ناوچەیە دابین بکرێت.

محەمەد رەزا گوتی: "پەکەکە لە ناوچە سنورییەکان دەستدرێژیان کردووه‌تە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هێرشیان کردووه‌تە سەر پێشمەرگە و ئەو ناوچەیە بە دۆخێکی مەترسیدار تێدەپەڕێت، ئێمە وەك لیژنەی ئاسایش و بەرگری راسپێردراین بۆ هەڵسانگاندی دۆخەکە و ئامادەکردنی راپۆرتێك لەوبارەوە و دۆخەکەمان بینیوه‌".

گوتیشی: "ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان، کە سوپای تورکیا لە ناوچەکەیە و هەروەها پەکەکەش لە ناوچەکە هەیە. دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، چونکە چەندین لێکەوتەی ئابووری و سیاسی و سەربازی لێ دەکەوێتەوە، دەبێت هەردوو لا بکشێنەوە، چونکە هەردوولایه‌ن داگیرکەرن".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئێمە لە عێراق رێگا بە پەنابەری سیاسیی دەدەین، بەڵام رێگا بەچەکداری بیانی نادەین بێتە ناو خاکی عێراق هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها نابێت بیانیووش بدرێتە تورکیا بێتە ناو خاکی عێراق.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، وەك ئەوەی بینیومانە، لە سنووری شارەدێی "دەرکار" زیاتر لە 40 گوند زیانیان بەرکەوتووە و خەڵکەکەی ئاوارە بوونە، ئامێدیش بە هەمان شێوە شەڕی پەکەکە و تورکیا لەو ناوچانە زیانی زۆری گەیاندووە بەو ناوچانە لە رووی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و تەنانەت گەشتیاریش، ئەگەر سنورێك بۆ ئەم دۆخە دانەنرێت، لەوانەیە ره‌وشه‌كه‌ بەرەو ئاقارێکی خراپتر بڕوات.

سەبارەت بە راپۆرتەکەش، محەمەد رەزا روونیكرده‌وه‌، ئێمە رەشنوسێکمان ئامادە کردووە و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گفتووگۆمان کردووە، پێویسته‌ لیوای یەکی پاسەوانی سنووریش لەو ناوچەیە کەلوپەلی لۆجیستی و چەک و پێداویستی سەربازی زیاتریان بۆ دابین بکرێت و ریگری لەو پێشێلکاریانە بکرێت. دەبێت چیتر تورکیا هێرش نەکاتە سەر ناوچە سنوورییەکان و پەکەکەش لەو ناوچانە بکشێنەوە.

روونیشكرده‌وه‌، دەبێت چوارچێوەیەکی یاسایی دابێنین، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین، ئێمە راپۆرتێکی تێروتەسەل دەدەین بە حکومەتی عێراقی و داواشمان کردووە چاومان بە سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی عێراق بکەوێت، بۆ ئەوەی روونکردنەوەی لەبارەی سەردانەکە پێبدەین و پێویستیشە پشتیوانی زیاتر بۆ هێزەکانی سەر سنوور بکرێت.

د.ی