ئالان حه‌مه‌سه‌عید: قوتابیان ده‌توانن په‌ڕه‌ی "سۆما"ی خۆیان له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی نمره‌كان ببینن
K24 - هه‌ولێر:
ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یاند، بڕگه‌یه‌كی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌می خزمه‌تگوزارییه‌كانه، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی به ئه‌لیكترۆنی كردووه و ئێستا هه‌موو داتاكانی وه‌زاره‌ت له رێگه‌ی سیسته‌می "ئی په‌روه‌رده"ه‌وه خراوه‌ته‌به‌رده‌ست، ته‌نانه‌ت قوتابییه‌كانیش ده‌توانن په‌ڕه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانیان له‌كاتی وه‌رگرتنه‌وه‌ی نمره‌كانیان ببینن.
ئالان حه‌مه‌سه‌عید، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی به‌رنامه‌ی "هه‌نگاوی نۆیه‌م"، كه رۆژنامه‌نووس "ره‌گه‌ز ره‌شید" پێشكه‌شی ده‌كات، گوتی: "له ماوه‌ی دوو ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده 3 هه‌زار و 299 هه‌لیكاری بۆ خاوه‌ن بڕوانامه‌كانی دكتۆرا، ماسته‌ر، به‌كالریۆس و دبلۆمی ره‌خساندووه، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌رچووانی 12ی ئاماده‌یش وه‌كو فه‌رمانبه‌ر، له ناوه‌نده‌كانی خوێندن له قوتابخانه و په‌یمانگه ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان".
گوتیشی: "له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز "مه‌سرور بارزانی" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، یه‌كێك له كاره‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌كه، سیسته‌می به دیجیتاڵكردن و به ئه‌لیكترۆنیكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومی ده‌بێت، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌نگاوی باشی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ناوه، یه‌كێك له‌وانه، سیسته‌می به ئه‌لیكترۆنیكردنی سكاڵایه، تا خه‌ڵك به ئاسانترین شێوه ده‌ستی بگاته وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده".
وه‌زیری په‌روه‌رده ئاماژه‌ی به‌وه كرد، سه‌رۆكی حكومه‌ت پشتگیرییه‌كی ته‌واو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه، بۆیه قوتابیان له‌مه‌ودوا په‌ڕه‌ی "سۆما"ی خۆی ده‌بینێت، واتا ئه‌و په‌ڕه‌یه‌ی قوتابییه‌كه تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام داوه، دواتر ده‌یبینێت، كاتێك قوتابی نمره‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێته‌وه، په‌ڕه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێت، كه‌سوكاره‌كه‌شی ده‌توانێت بیبینێت، ته‌نانه‌ت له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ش وه‌ڵامی نموونه‌یی بۆ دانراوه، ئه‌مه شه‌فافترین سیسته‌مه، كه قوتابی به هه‌ڵه‌كه‌ی خۆی بزانێت و ئه‌و بۆچوونه‌ی كه گوایه غه‌دری لێكراوه، ئه‌مه روون ده‌كاته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له 25ی ئابی 2019 پڕۆسه‌ی "ئی په‌روه‌رده"مان به‌ته‌واوه‌تی خستووه‌ته‌كار بۆ ته‌واوی قوتابخانه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، پڕۆژه‌كه بریتییه له هه‌ڵگرتن و پاراستنی زانیاری، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی داتا و زانیارییه‌كان، تا له‌وێوه راپۆرت و ئامار ده‌خرێته‌ڕوو، تا بڕیاربه‌ده‌ست پێشچاوی روون بێت، كه بڕیاری ده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خزمه‌تگوزارییه‌كی دیجیتاڵییه و بۆ هه‌موو قوتابخانه‌كه ده‌سته‌به‌ر كراوه.
ئالان حه‌مه‌سه‌عید روونیكرده‌وه، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده زۆرترین مووچه‌خۆری هه‌یه به‌به‌راورد به وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه، ئێمه 128 هه‌زار مامۆستامان هه‌یه، 36 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر، ملیۆنێك و 754 هه‌زار قوتابی، 21 هه‌زار وانه‌بێژ، 90 هه‌زار قوتابی ناحكومی، 7 هه‌زار مامۆستای ناحكومی، 3 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری ناحكومی، هه‌موو ئه‌وانه له‌و سیسته‌مه تۆماركراوه.
روونیشكرده‌وه، ئه‌وه‌ی له سیسته‌می "ئی په‌روه‌رده" سوودی لێده‌بینین، ته‌واوی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه، له ژماره‌ی قوتابیخانه‌كان، چی له‌و قوتابخانه‌یه هه‌یه، ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌لیش تۆمار كراوه له‌و سیسته‌مه، له‌گه‌ڵ ته‌واوی زانیارییه‌كانی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران و قوتابیان، له‌داهاتووشدا بۆ سیسته‌می مووچه‌ی مامۆستایان به‌كارده‌هێنین.
وه‌زیری په‌روه‌رده باسی له‌وه كرد، له سیسته‌مه‌كه‌دا ورده‌كاری زانیارییه‌كانی قوتابی تۆماركراوه، تا بتوانین به ئاسانترین شێوه، چاره‌سه‌ری هه‌ر گرفتێك بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كی تایبه‌تیش بێت، وه‌ك نه‌خۆشی، ژماره‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌مه ده‌بێته داتایه‌ك بۆ ئاسانتر مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه.
باسی له‌وه‌ش كرد، خاڵێكی دیكه‌ی سیسته‌می "ئی په‌روه‌رده"، نووسراوه‌كانه، هه‌موو نووسراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كانی په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانیش به ئه‌لیكترۆنی ده‌ڕوات، ئێستا پێویستمان به پۆسته نییه تا نووسرومان بۆ گه‌یه‌نێته دهۆك یان سلێمانی، له نێوان قوتابخانه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان، به شێوه‌ی تێست، سیسته‌مه‌كه له قوتابخانه‌كانی ره‌واندزیش له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌كه‌یان خراوه‌ته جێبه‌جێكردن، سه‌ركه‌وتوو بووه، له‌داهاتووش بۆ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئالا حه‌مه‌سه‌عید گوتی: ماوه‌ی 3 مانگه سیسته‌می مووچه‌ی په‌روه‌رده‌ی ره‌واندزمان كردووه‌ته ئه‌لیكترۆنی، سیسته‌می كۆگاكانمان به ئه‌لیكترۆنی كراوه، به هاتوو و رۆیشتووه‌وه.
گوتیشی: ئێمه داشبۆردێكی تایبه‌تمان هه‌یه، كه ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران، مامۆستایان، قوتابخانه‌كان و قوتابیان دیاریكراوه، ته‌نانه‌ت له رووی ره‌گه‌زه‌وه چه‌ند كچ و كوڕ له قوتابخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، ئه‌مه ته‌نیا له رووی ژماره‌وه نییه، به‌ڵكو بۆ پۆلینكرن و شیكردنه‌وه‌ی داتاكانیشه.