ته‌ندروستی عێراق هۆشداری ده‌داته هاووڵاتیان
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق سه‌رهه‌ڵدانی سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنای راگه‌یاند و ئاشكراشیكرد، چه‌ندین زنجیره‌ی نوێی ئه‌و په‌تایه له عێراق و وڵاتانی دیكه‌ی جیهان بڵاوبوونه‌ته‌وه و داواشی له هاووڵاتییان كرد، پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقدا هاتووه، "له‌میانه‌ی به‌دواداچوون بۆ دۆخی په‌تای كۆرۆنا له‌لایه‌ن پسپۆڕانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه و له‌ڕێگه‌ی ئاماژه په‌تاییه‌كان ده‌ركه‌وتووه، كه هێشتا كۆرۆنا چالاكه و گۆڕان له زنجیره‌ی ئه‌و ڤایرۆسه به‌رده‌وامه و هه‌ڕه‌شه له سه‌رانسه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، ئێستاش شه‌پۆلی سێیه‌می ئه‌و په‌تایه له وڵاته‌كه‌مان و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ناوچه‌كه و جیهان سه‌ریهه‌ڵداوه، وێڕای ئه‌وه‌ی كه له زۆرێك له وڵاتان به‌ره‌وپێشچوونی باش له پێدانی ڤاكسینی دژی ئه‌و په‌تایه كراون، ئه‌مه‌ش مانای وایه، كه هیچ گومانی تێدا نییه، كه جگه له رێكاره‌كانی خۆپارێزی هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه نییه بۆ دۆخی ئێستا، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ بوونی ڤاكسینی دژی كۆرۆناش كه به‌رگرییه‌كی زۆر باش به له‌ش ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێگری له گواستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه له كه‌سێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه ناكات".
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، "به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون له وڵاته‌كه‌مان هۆشداری سه‌رهه‌ڵدانی سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا ده‌دات، كه له‌وانه‌یه له هه‌ردوو شه‌پۆله‌كه‌ی پێشتر توندتر بێت و پێویست ده‌كات پلانی پێشوه‌خته بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌پۆله هه‌بێت، چ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه بێت به دابینكردنی پێداویستیی خۆپارێزی و چاره‌سه‌ری، یانیش له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه بێت به پابه‌ندبوونی ته‌واو به رێكار و رێنماییه پزیشكییه‌كان و په‌له‌كردن له سه‌ردانی بنكه‌كانی كوتان بۆ وه‌رگرتنی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا، به‌تایبه‌ت كه له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری پێكوته له بنكه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بن".
هه‌روه‌ها هاتووه، "بۆیه ئێمه داوا له كه‌سانی ئایینی، سیاسی، عه‌شائیری و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین، هه‌وڵی زیاتر بۆ هۆشیاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ندی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بن و پێیان رابگه‌یه‌نن، كه وه‌رگرتنی ڤاكسین تاكه رێگه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تا مه‌ترسیداره و كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون و مردنه به‌و ڤایرۆسه، چونكه به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان، له‌و وڵاتانه‌ی رێژه‌یه‌كی زۆری پێكوته‌یان وه‌رگرتووه، راسته كه تۆماركردنی تووشبوونی رۆژانه تێیاندا به‌رده‌وامه، به‌ڵام كه‌متر مه‌ترسیداره و كه‌سی تووشبوو پێویستی به خه‌واندن له نه‌خۆشخانه نییه، هه‌روه‌ها رێژه‌ی مردنیش به‌و په‌تایه له‌و وڵاتانه، به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو نزم بووه‌ته‌وه".
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه، "داوا له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان و چالاكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ین، هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ هۆشیاری ته‌ندروستی و به‌رزركردنه‌وه‌ی ئاستی ئاگایی ته‌ندروستی له‌ناو كۆمه‌ڵگه له‌باره‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی بخه‌نه گه‌ڕ، به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی ده‌مامك و پابه‌ندبوون به دووری كۆمه‌ڵایه‌تی و دووركه‌وتنه‌وه له شوێنه قه‌ره‌باڵغه‌كان، هه‌روه‌ها تێگه‌یاندنیان له گرنگی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا له بنكه تایبه‌ته‌كانی پێدانی ڤاكسین".
به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دووپاتیكرده‌وه، "داوا له ته‌واوی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه حكومیی و ئه‌هلییه‌كان ده‌كه‌ین، داوا له فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانیان بكه‌ن، ڤاكسین وه‌ربگرن و ته‌واو پابه‌ندی رێكار و رێنماییه‌كانی خۆپارێزی بن و رێگه به فه‌رمانبه‌ران نه‌ده‌ن به‌بێ پابه‌ندبوون به به‌كارهێنانی ده‌مامك و دووری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وام بكه‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه رێژه‌ی تووشبوون به كۆرۆنا له عێراق، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه و به‌راورد به تووشبوون، رێژه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی رۆژانه له ئاستێكی نزمدایه، به‌تایبه‌ت كه ته‌نیا ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی 6 هه‌زار و 100 حاڵه‌تی تووشبوون تۆماركرا، له‌كاتێكدا ته‌نها 4 هه‌زار و 30 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه راگه‌یه‌ندرا، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ پێشبینیكردنی دۆخی ته‌ندروستی عێراق له چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا.
H.B