گرفته‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی قورس له‌به‌رده‌م راهێنه‌ری نوێ

یوكیم لۆف و هانز فلیك راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ مۆندیالی 2014
یوكیم لۆف و هانز فلیك راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ مۆندیالی 2014

ئەڵمانیا لە دوای مۆندیالی ٢٠١٨ کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆی دا دووچاری شکستێکی مەزن بوویەوە بەوەی هەر لە قۆناغی کۆمەلەکان دا ماڵئاوایی کرد لە گروپێک کە تاڕاددەیەک بە پێی پیشبینیەکان وا نیشان درا کە بە یەکەمی گروپەکەی خۆی سەر دەکەوێ کەچی لە یاری یەکەم و یاری سێهەمی دا بەرامبەر مەکسیک و کۆڕیای باشوور شکستی هێنا و لەگەڵ سوێدیش لە کۆتایی خولەکەکانی بردنەوەی تۆمار کرد، بەڵام بە سێ خاڵ ماڵئاوایی لە مۆندیالی ڕووسیا کرد.

دوای ئەو شکستە گەورەیە هەمووان چاوەروانی دەست لە کارکێشانەوەی یواخیم لۆف بوون لە پۆستەکەی یان خودی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە، کەچی دوای بێ دەنگیەکی کەم جارێکی تر یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا متمانەیان بە لۆف بەخشیەوە، ئەمەش تاڕاددەیەکی زۆر هەوادارانی مانشافتی لە ئەڵمانیا و جیهان تووڕە و بێهیوا کرد کە گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لەسەردەمی لۆف دا ڕووبدات سەڕەرای دوورخستنەوەی بەشێکی زۆری یاریزانان و بانگهێشتکردنی یاریزانی نوێ لەلایەن ئەو راهێنەرەوە، بەڵام ئاستنزمی هەڵبژاردەکە بەردەوام بوو بەتایبەتی دابەزینی ڕیزبەندی مانگانەی فیفا بۆ هەڵبژاردەکان ئەڵمانیای خستە ڕیزبەندی پانزە و بەدڵنیاییش دوای کۆتایی هاتنی یۆڕۆ دوور نیە ئەڵمانیا لە ڕیزبەندیەکە بچێتە سەرووی بیستەم کە ئەمەش لەگەڵ مێژووی پڕ لە دەستکەوتی ئەڵمانیا دا ناگونجێت.

لەڕاستی دا بڕیارەکەی لۆف بەواز هێنانی لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی مانشافت زۆر درەنگ بوو پیویست بوو لە دوای ٢٠١٨ـەوە واز بێنێت کەچی مێژووی خۆی تەڵخ کرد بەچەندین شکستی مێژوویی بەتایبەتی بەرامبەر ئیسپانیا و دەرچوونی لە نەیشن لیگ و بەهەمان شێوە دۆراندن بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی تازە لەدایک بوو لە پالاوتنەکانی ئەوڕوپا بۆ مۆندیالی قەتەڕ کە پێێ دەڵێن مەکەدۆنیای باکوور. ئەمە جگە لەدەرچوونی لەسەر دەستی ئینگڵتەرا لە یۆرۆی ٢٠٢٠ دا.

ئایا مانشافته‌كان ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئاستی جارانیان؟

ئەو مەسەلەیە پرسیار گەلێک دروست دەکات، ئایا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەتوانێ بگەرێتەوە ئاستی جارانی؟ ئایا راهێنەری نوێ چی لە هەگبە دا هەیە؟ یان لەتوانای دا هەیە هەلبژاردەیەکی تۆکمە دروست بکات بۆ مۆندیالێک کە کەمتر لە سالێکی ماوە؟

بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستا و چارەسەر دەتوانین پشت بە مێژووی کۆنی ئەڵمانیا ببەستین لە تۆپی پێ دا بەتایبەتی لەسەردەمی حەفتاکانەوە دەست پی دەکەین لەو کاتانە دا ئەڵمانیا بەهێزترین و تۆکمەترین هەڵبژاردەی هەبووە و چەندین ئەفسانەی تۆپی پێیان دروست کرد بەتایبەتی قەیسەر پیکنپاوەڕ کە بەمەرجەعی سەرەکی تۆپی پێێ ئەڵمانیا دادەنرێت لە ئێستا دا ، ئەڵمانیا لەم سەردەمەدا باشترین ئەنجامی هەبووە کە 5 پالەوانیەتی بەدەست هێناوە لە یۆڕۆی ١٩٧٢ـەوە بگرە کاتێ لە یاری کۆتایی لە یەکێتی سۆڤیەتی بەهێزی ئەوکاتی بردەوە بە سێ گۆڵی بێوەڵام پاشان میوانداری کردنی جامی جیهانی لە ١٩٧٤ و بوون بە پالەوان لە سەر حیسابی هۆڵەندای ترسناک بە سەرکردایەتی پکنپاوەر و گیرد مۆڵەرو سیپ مایەڕ، ئینجا بەدەست هێنانی یۆڕۆی ١٩٨٠ و جامی جیهانی ١٩٩٠ بە سەرکردایەتی لۆتەر ماتیۆسو یۆرگن کلینزمان و پیێر لیتباسکی و پاشان یۆڕۆی ١٩٩٦ لەناو جەرگەی وێمبلی و لەیاری پێشکۆتایی ئینگڵتەڕای ساوسگیت و ئالان شیڕەڕ و ماکمانەمانی لە یۆڕۆ دوورخستەوە، ئەو سەردەمە کە لە ١٩٧٢ـەوە دەست پی دەکات تا ١٩٩٦ بەسەردەمی زێڕینی هەڵبژاردەی مانشافت دادەنرێت.

له‌ دوای 1996 ئه‌ڵمانیا كه‌وته‌ نێو قه‌یرانێكی قووڵ و تازه‌

سەردەمی دوای ١٩٩٦ ئەڵمانیا کەوتە نیو قەیرانێکی تازە بەهۆی لەدەست دانی نەوە زیڕینەکانی و دەستپێکێکی نوێ بۆ خۆ نوێ کردنەوەو هێنانە پێشەوەی یاریزانی نوێ ، لە مۆندیالی ١٩٩٨ ی فەرەنسا دا، وەکو ئاماژەم پێ دا ئەڵمانیا بەشێکی زۆری یاریزانە بە ئەزموونەکانی لەدەست دان بەهۆی تەمەنیانەوە و زۆربەی یاریزانی نوێ هاتنە پێشەوە هەرچەندە راهێنەر هەمان راهێنەری ئەڵمانیای ١٩٩٦ـی پاڵەوانی یۆرۆ بوو کە بێرتی ڤۆکس بوو، بەڵام بەشیوەیەکی ناچەوه‌ڕوان کراو ئەڵمانیا لە قۆناغی هەشت لەسەر دەستی داڤید سۆکێر و هاورێیه‌کانی (هەڵبژاردەی کرواتیا) بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام دەرکرا.

یۆرۆی 200 سه‌رده‌مێكی خراپ بوو بۆ مانشافته‌كان

یۆرۆی ٢٠٠٠ بە سەردەمیکی خراپی هەڵبژاردەی ئەلمانیا ناوزەد دەکرێ کە ئیریچ ڕیبیچ ڕاهێنەر بوو کە لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کرد لە گروپێک ڕۆمانیا و پورتوگال و ئینگڵتەرایان لەگەل بوون تەنها بەیەکسان بوونێک و دوو دۆڕان دەرچوون.

لە مۆندیالی ٢٠٠٢ رۆدی ڤۆڵەر ڕاهینەری ئەڵمانیا بوو تا ڕاددەیەک ئاستیکی باشیان پێشکەس کرد و گەیشتنە یاری کۆتایی، بەڵام بە هەڵبژاردەی بەڕازیل دۆران و پلەی دووەمیان بەدەست هێنا، ئەو هەڵکشانانەی ئەڵمانیا بەردەوام بوون هەرچەندە لە یۆڕۆی ٢٠٠٤ دیسان لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاواییان کرد، بەڵام خۆ نوی کردنەوە بەردەوام بووو لە مۆندیالی ٢٠٠٦ ئەڵمانیا پلەی سێیەمی بەدەست هێ.

 لە یۆرۆی ٢٠٠٨ پلەی دووەم، لە مۆندیالی ٢٠١٠ پلەی سێیەم و، لە یۆرۆی ٢٠١٢ قۆناغی پیشکۆتایی، لە ٢٠١٤ ش پاڵەوانی مۆندیال و لە یۆڕۆی ٢٠١٦ ش دیسان تا قۆناغی پێشکۆتایی ڕۆیشت ، کەواتە دەتوانین ئەو میژووانە بەم شیوەیە پۆلێن بکەین:

١٩٧٠ تا ١٩٩٦ سەردەمی زیڕین

١٩٩٧ تا ٢٠٠١ سەردەمی شکست و خۆ نوێ کردنەوە

٢٠٠٢- ٢٠١٤ سەردەمی ئامادەکاری بۆ بوون بە پالەوانی مۆندیال بە ئاستیکی جێگیر

٢٠١٥- ٢٠٢١ دابەزینی ئاست تا شکستی یەک لە دوای یەک

لەراستی دا ئەگەرچی لۆف لە ٢٠٠٦ تا ٢٠٢١ ئەرکی ڕاهێنەرایەتی ئەڵمانیای وەرگرتووە، لەو ماوەیە زۆرەش دا دوو دەستکەوتی گرنگی هەبووە مۆندیالی ٢٠١٤ و جامی کیشوەرەکان ٢٠١٧ بەلام لە دوای ٢٠١٨ ەوە هەمان ئە کەسە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دابەزینی ئاستی ئەڵمانیاو کە ئێستا وەکو هەر تیپێکی ئاسایی سەیر بکرێت و هەڵبژاردەی بچووکیش شان لە شانی بدات و لێی بباتەوە، بۆیە لای هەموو هاندەرانی ئەڵمانیا دەرکردنی ئەڵمانیا لە یۆڕۆی ٢٠٢٠ بابەتیکی ناچەوەڕوان کراو نەبوو، چونکە لۆف هیچی لە هەگبە دا نەمابوو پێشکەشی بکات.

ئایا جاوەڕێی چی لە هانزی فلیکی راهێنەری نوێی ئەڵمانیا دەکرێت؟

بەشێکی زۆری هاندەرانی ئەڵمانیا و ئەفسانەکانی ئەڵمانیاش متمانەی تەواویان هەیە کە هانزی فلیک بتوانێ بەشێکی زۆری کێشەکانی مانشافت چارەسەر بکات بەتایبەتی گۆڕانکاری کردن لە پلانی یاریکردن وپێکهاتەی هەڵبژاردەکە.

لە ئێستادا بەشێکی پلانەکانی ئەو راهێنەرە ئاشکرا بوونە بەڵام بەشی زۆریشی بە نادیاری ماونەتەوە کە بەدڵنیایی بۆ سەرەتای مانگی ٩ ی ئه‌مساڵ دیار دەبێت بەو پێیەی لەو کاتەدا یارییەکانی پاڵاوتن بۆ مۆندیالی قەتەڕ دەست پی دەکەنەوە، ئەوەی ئێستا کە دیارە ئەوەیە بەشێک لە یاریزانەکان کە خۆیان واز هێنانیان راگەیاندووە لە یاری نیو دەوڵەتی بەتایبەتی تۆنی کروس و ئیلکای گۆندۆگان لە پلانی فلیک دا شوێنیان نەماوە و جارێ دیاریش نیە چ یاریزانێکی تریش دەبیتە قوربانی دوورخستنەوە بەڵام بە دڵنیایی بەشێکی زۆری یاریزانانی تیپی لاوانی خوار ٢١ سالان بانگهێشت دەکات کە ئیمساڵ بوونە پاڵەوانی یۆرۆی لاوان و ئەم راهێنەرە چاوی زۆریشی خستوەتە سەر ئۆلۆمپیادی تۆکیۆ بەو پێیەی ئەلمانیا بەشدارە لە گروپی بەڕازیل و سعودیا و کۆتدیڤوار بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کۆمەڵیک یاریزانی لاو بکات تاکو سەریان بخات بۆ هەڵبژاردەی یەکەم.

لە راستی دا ئەرکەکانی سەرشانی فلیک قوڕسن کە بتوانێ لەماوەیەکی کورت دا چارەسەری گشت کێشەکانی هەڵبژاردەیەکی داڕووخاوو بێ پلان بکات و بە تەحەداشی دەزانم چوونکە هەر ئەم راهێنەرە بەر لە ڕاسپاردنی وەکو راهێنەری نوێی ئەلمانیا چەندین دەستەوارەی یانە گەورەکانی ئەوروپای رەتکردەوە وەکو یۆڤنتۆس و باڕسا کە ببێتە ڕاهێنەریان کەچی راهینەرایەتی هەلبژاردەی ئەڵمانیای هەڵبژارد، نموونەی سەرکەوتوویی لە تەحەداو پلان و بیرکردنەوەی فلیکمان لەبەر دەستە کە چۆن توانی بایرن میونشنێکی تێکشکاوو بێ پلان بکات بە یانەیەکی تۆقێنەر و لە ماوەیەکی زۆر کورت دا کردی بە پاڵەوانی ئەوروپا و بۆندسلیگاو پۆکاڵ و سوپەری ئەوڕوپاو مۆندیالی یانەکان.

باوەر ناکەم فلیک کیشەی هەبێ لە گۆڕینی پلانی یاری کردن بەڵکو کێشەکە زیاتر لە پەیدا کردنی یاریزانی باشە بۆ هێلی بەرگری و هێرش بردن بەتایبەتی، ئەوەی زۆر ئاستی ئەلمانیای پیوە دیارە نەبوونی سەرە ڕمێکی سەریحە کە لە دوای ٢٠١٤ـەوە ئەلمانیا ئەو کیشەیەی پێ چارەسەر نەکراوە.  ئەوەی من دەیبینم فلیک دەتوانێ زۆر شت بکات وەکو هەنگاوی سەرەتایی ڕەنگە جێی داخوازیەکانی ئێمەش نەبێت بەلام پێموایە ناتوانێ جارێ دەستبەرداری هەندێ لە یاریزانانی خاوەن ئەزموون بێ ئەگەر تەمەنیشیان هەڵکشابێ چوونکە چەکێکی دووسەرەو موجازەفەی دەوێ، گومانم لەوەدا نیە ئەم ڕاهێنەرە پلانی کورت و درێژ خایەنیشی دەبێت تەنها کێشەکەی ئەو کاتە کەمەیە کە لەبەر دەستیەتی، لە هەموو حالەتەکان دا دەبێ حیسابی ئەوە بکات لەماوەی کورتی پێش مۆندیال دا کە لە ساڵیک کەمترە ناتوانێ ببێتە فریادڕەسی باشتر کردنی ڕیزبەندی ئەڵمانیا لە پۆلێن کردنی فیفادا بۆیە ئەگەری هەیە ئەڵمانیا چۆن لە یۆرۆ کەوتە گروپێکی ئاگرین شان بەشانی فەڕەنساو پورتوگال، بە هەمان شێوەش ئەگەری زۆر لە ئارادایە دیسان بەلانی کەم لەپاڵ هەڵبژاردەیەک یان دوو هەلبژاردەی بەهێز و پاڵێوراو دا یاری بکات ئەمەش حیساباتی سەرکەوتن بۆ قۆناغی ١٦ قورستر دەکات، ئایا سەرکەوتوو دەبێ؟

بە پێی ئەزموون و متمانەی هاندەران بیت فلیک دەتوانێ ئەمە بکات، بەڵام هەموو کات پانتایی یاریگا یەکلایی دەکاتەوە کێ شایستەی سەرکەوتنە لەگەڵ ببونی هەندێک لە چانس، هیوادارم ئەڵمانیایەکی بە چانس و زۆر جیاوازتر ببینین لەسەردەمی فلیک دا.

نووسه‌ری بابه‌ت: دكتۆر دلێر كورده‌ / مامۆستای زانكۆ

دكتۆر دلێر كورده‌ مامۆستای زانكۆ
دكتۆر دلێر كورده‌ مامۆستای زانكۆ