کابینەی نۆیەم کاری بۆ هەمەچەشنکردنی داهات كردووه‌

"دامەزراندنی پڕۆژەی هه‌مه‌جۆر؛ دەبێتە بناغەی ئابوورییەکی بەھێز"

K24 - هه‌ولێر:

کابینەی نۆیه‌می حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە ھەوڵی ئەوەی داوە کە سەرچاوەکانی داھات ھەمەچەشن بکات، ئەمەش بە گرنگیدان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری و چەند کەرتێکی دیکە، پسپۆڕێکی ئابووریش رایگه‌یاند، ھەمەچەشنکردنی داھات وادەکات حکومەت داھاتی گشتی زیاد بکات و ھەلی کاری زیاتریش بڕەخسێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە سەرەتای دەستبکاربوونیەوە لە ھەوڵی ئەوەدا بووە، کە سەرچاوەکانی داھات لە ھەرێمی کوردستان ھەمە چەشن بکات و تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەستێت، بۆ ئەمەش چەند ھەوڵێکی جدی داوە و بەردەوامیش کار بۆ ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات دەدات، ھەر بۆیە سەرەڕای قەیرانەکان ھەنگاوی گرنگی ناوە بۆ بووژانەوەی زیاتری کەرتەکانی پیشەسازی و بارزگانی و کشتوکاڵ و گەشتیاری، خالد حەیدەر، پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ پێیوایە دامەزراندنی ھەموو جۆرە پڕۆژەیەك دەبێتە بناغەی ئابوورییەکی بەھێز.

نەبەرد کەریم، پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە داھاتی نەوت کەرتەکانی دیکە ببوژێنێتەوە، ئەگەر بێت و گرنگی بە کەرتەکانی دیکەی ئابووری بدرێت، ئەوا لە ساڵانی داھاتوو لە ھەرێمی کوردستان کێشەی ھەلی کار نامێنێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاڵ گرنگیدان بە کەرتەکانی دیکەی ئابووری، ھەوڵیشی بۆ زیادکردنی داھاتی ناوخۆ داوە، ئەویش لە رێگەی رێکخستنەوەی سیسته‌می باج و چەند ھەنگاوێکی دیکە، بێ ئەوەی بارگرانی بۆ ھاووڵاتیان دروست بکات، بەردەوامیدان بەم کار و ئەرکانە وادەکات کە ئایندەیەکی گەشی ئابووری چاوەڕێی خەڵکی کوردستان بکات.

د.ی