شاندی هه‌رێم به‌شداری له‌ دیالۆگی ستراتیژیی عێراق – ئه‌مه‌ریكادا ده‌كات

هه‌فته‌ی داهاتوو دیالۆگی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ واشنتن ده‌ستپێده‌كات

K24- هه‌ولێر:

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ واشنتن رایگه‌یاند، شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات.

به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ واشنتن ميوانى‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24 بوو و گوتی: هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم به‌شداری دیالۆگی ستراتیژی نێوان به‌غدا و واشنتن ده‌كات، كه‌ بڕیاره‌ بۆ دیاریكردنی واده‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت.

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئه‌مه‌ریكا گوتیشی: به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌و دیالۆگانه‌دا زۆر گرنگه‌ و بڕیاره‌ پرسگه‌لێكی گرنگ تێیدا تاوتوێ بكرێن.

ئاشكراشیكرد، كارنامه‌ی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا چه‌ند پرسێكی وه‌ك پرسه‌كانی وزه‌، گۆڕینی كه‌شوهه‌وا، دۆسیه‌ی ئه‌منی، ته‌ندروستی، كولتووری، په‌روه‌رده‌، مافی مرۆڤ و هه‌ڵبژاردن له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ حوسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەك بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەم نزیکانە سەردانی واشنتن دەکات.

H.B