كازمی پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌باته‌ واشنتن

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

بڕیاره‌ به‌م نزیكانه، مسته‌فا كازمی،‌ سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دیاریکردنی وادە و میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا له‌ عێراق، سەردانی واشنتن بکان.

حوسێن عەلاوی، راوێژکاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دیاریکردنی وادەیەك بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە عێراق، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەم نزیکانە سەردانی واشنتن دەکات.

هه‌روه‌ها گوتی: بڕیاره‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا كازمی لەگەڵ ئیدارەی ئەو وڵاتە تاوتوێی پرسی کشانەوەی ئەو هێزانە بکات و ئاشكراشیكرد، جگە لە ئەمه‌ریکا کازمی سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوا دەکات.

عەلاوی گوتیشی: رۆژی پێنج شەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ برێت مەکگۆرك، هەماهەنگکاری ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا کۆبووەوه‌.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، هەردوولا پرسی میکانیزمی کشانەوەی هیزەکانی ئەمه‌ریکایان تاوتوێ کردووە.

H.B