نرخی مریشک لە رۆژهەڵاتی کوردستان گران بوو

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان وای کردووە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر سفرەی خەڵک بچووک دەبێتەوە
بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە ئێران
بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە ئێران

K24 – هەولێر:

گران بوونی مریشک وای کردووە جیا لە توێژی هەژاران، چینی ناوەندی کۆمەڵگاش، تواناییی کڕینی گۆشتی مریشکیان نەماوە و زۆر کەسیش تەنیا دەتوانن ئێسک و پێستی مریشک بۆ مناڵەکانیان بکڕن.

لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرز بوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان، وای کردووە رۆژ لە دوای رۆژ، زیاتر سفرەی خەڵک بچووک دەبێتەوە.

یەک لەو پێویستیانەی کە ڕۆژانە نرخی بەرز دەبێتەوە مریشکە، بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە، نەک چینی هەژاری کۆمەڵگا، بەڵکوو چینی ناوەندیش توانایی کڕینیان نەماوە.

وەحید ئەحمەدی، هاووڵاتی، رایگەیاند، رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سنە، ئەوەندە بەرهەمی مریشکی هەیە، کە بتوانێ پێداویستییەکانی ناوخۆیی دابین بکات و بەشێکیشی هەناردەی باشووری کوردستان بکات، هەر بۆیە بەشێک لە هاووڵاتیان، گران بوونی نرخی مریشک دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی چاودێریی پێویست، لە لایەن بەرپرسانەوە.

سینا ناموەر، هاووڵاتی، ئاماژەشیپێکرد، مریشک ئەوەندە گران بووە، کە ئێستا ئێسک و پێستەکەشی، پارە دەکات، ئەو بنەماڵانەی توانای کڕینی گۆشتی مریشکیان نییە، بۆ دابین کردنی پرۆتینی مناڵەکانیان، ڕوویان کردووەتە کڕینی ئێسک و پیستی مریشک.

لە دوو مانگی رابردوودا نرخی مریشک 30٪ بەرز بووەتەوە، گران بوونی ڕۆژانەی نرخی مریشک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شێوەیەکە، کە خەڵک بە تەوسەوە دەڵێن ڕاستە مریشک خۆی ناتوانێ بفڕێ، بەڵام نرخەکەی هەموو رۆژێ دەفڕێ.

ک.ب